بڕیارە ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت وەك نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبێتەوە و یەکێك لە خاڵەکانی کارنامەکەشی دەنگدان دەبێت لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە.
لە کاتی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەشدا، هەڵەبجە دەبێتە نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق و لە هەموو ڕووییەکی دارایی و کارگێڕییەوە وەك پارێزگایەکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ڕۆژی 13ی ئاداری ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد.
مانگی ڕابردووش د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای کرد پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی پرۆژەکەدا.