شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و پێش ئەوەش سەرۆكوەزیرانی هەرێم پەیامی ئەوەی گەیاندە بەغدا کە جەختکردنەوەیان لەسەر گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان مانای لاوازیی هەرێمی کوردستان نییە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، شاندەکە بەمەبەستی گفتوگۆ و ئەنجامدانی ژمارەیەك کۆبوونەوە دەچێتە بەغدا و هەرێمی کوردستان مەبەستییەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ئەنجام، بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق شایستە داراییەکانیان و لەنێویاندا مووچەیان پێبدرێت.
جەختیشیکردەوە لەوەی حکومەتی هەرێم پابەندی ڕێکەوتنەکانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
پێشەوا هەورامانی ڕاشیگەیاند، سەردانەکە نیشاندانەوەی نییەتی سەرۆک وەزیران و حکومەتی هەرێمە بۆ گەیشتنە ئەنجام و چارەسەری کێشەکان لەڕێگای جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان، بەتایبەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
دوێنێش مەسرور بارزانی ڕایگەیاند پشوودرێژییان لەگەڵ بەغدا بە مانای لاوازیی هەرێمی کوردستان نایەت، بەڵکو دەیانەوێت کێشەکان ئاشتییانە و لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە بە هۆی ناکۆکیی لەسەر لێکدانەوەی دەقەکانی یاسای بودجە، حکومەتی عیراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و ئەوەش وایکردووە مووچەی مانگی حەوت و هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکرێت.
بە هۆی دواکەوتنی مووچەشەوە بایکۆتکردنی دەوام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان لەگەڵ چەند فەرمانگەکەی کۆیەی سەر بە هەولێر دەستیپێکردووە.