بانكی ڕەشیدی عێراقی پێدانی سێ جۆر قەرز بە قیستی درێژخایەن بە هاووڵاتیان ڕادەگەیەنێت و جەختیشدەكاتەوە، ڕێژەی سوودی سەر قەرزەكە 6% دەبێت ساڵانە.
بانكی ڕەشید لە بەیاننامەیەكدا بڕیاریدا بە پێدانی قەرزی درێژخایەن بە هاووڵاتیان بەرامبەر بە ڕەهنی ئاڵتون و دەشڵێت: “هەر كەسێك دەیەوێت سوودمەندبێت لەو قەرزانە سەردانی لقی سەرەكی بانك لە بەغدا بكات”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، قەرزێكیان بە بڕی 25 ملیۆن دینارە بۆ ماوەی دوو ساڵ و بە شێوەی قەرزی 24 مانگ دەدرێتەوە، كە وەرگرتنەوەی دەستپێدەكات لە مانگی دوای وەرگرتنی قەرزەكەوە.
ئاشكرای كردووە، قەرزێكی دیكەیان بە بڕی 50 ملیۆن دینارە و بۆ ماوەی 3 ساڵە و بە 36 قیست وەردەگیرێتەوە و قەرزێكی دیكەشیان بە بڕی 75 ملیۆن دینارە و بۆ ماوەی 4 ساڵە و بە ماوەی 48 قیست وەردەگیرێتەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، ڕێژەی سوودی ساڵانە لەسەر قەرزەكە 6% دەبێت و كار بەو قەرزە دەكرێت تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ.