عیماد ئه‌حمه‌د
مێژوو ته‌نیا تۆمارکردن و گێڕانه‌وه‌ی رووداو و به‌سه‌رهاته‌کان نییه، به‌ڵکو مایه‌ی په‌ند و ده‌رس وه‌رگرتنه، دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی قه‌یران و رێگریه له دووباره کردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کان، به‌ڵام پێناچێ وه‌کو پێویست مرۆڤ له مێژووی دورودرێژی خۆی فێربووبێت، چونکه هه‌مان هه‌ڵه‌و هه‌مان گرفت لهفۆڕم و چوارچێوه‌ی جیا دوباره ده‌بنه‌وه.
ئه‌وه‌ی لێرەدا دەماخاتەوە سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی بیرکردنه‌وه له رابردوو، دۆخی ئێستای کوردستان و ته‌شه‌نه‌کردنی قه‌یران و کێشه‌ی جۆراوجۆرەکانە ، گه‌رمبوونه‌وه‌ی ململانێ و ناکۆکیه له‌سه‌ر حسابی گونجان و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن، له‌کاتێکدا که پێویستی زۆرمان به سازان و یه‌کخستنی هێزو توانای خۆمانه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی دۆخی قورسی پڕ له قه‌یران و ته‌نگژه‌کانی ئێستا بگرین و تێپانپەڕێنین.
له‌ڕاستیدا گه‌ر یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ده‌ست بین ده‌رفه‌ت و ئاسۆی فراوانمان له‌به‌رده‌مه، دەسکەوتەکانیشمان زۆر له‌وه زیاتردەبێت که ئێستا له‌سه‌ری ناکۆکین و خۆمان و خه‌ڵکیشی پێوه نیگه‌ران و دڵته‌نگ ده‌که‌ین.
له سەرەتای ساڵی (١٩٩٥ )وه‌فیق سامه‌رایی که یه‌کێک بوو له که‌سایه‌تیە گرنگه‌کانی رژێمی سه‌دام، بەھۆی نائومێدی لەو رژێمە رای‌کرد و خۆی گەیاندە کوردستان ، دوای گه‌یشتنی بۆ سلێمانی سه‌ردانی کاک نه‌وشیروانی کرد و منیش له‌و دانیشتنه ئاماده بووم بەداخەوە ئەو کات شەری نەگریسی ناوخو لە ئارادا بوو ومەترسیش لە سەر ئەزمونە فیدڕاڵیەکەمان هەبوو… پرسیاری کرد : ئه‌و شه‌ڕه له‌سه‌ر چییه؟ کاک نه‌وشیروان هۆکاره‌کانی شه‌ڕه‌که‌ی باسکرد و ئاماژه‌ی به گومرگی ئیبراهیم خلیل کرد، وه‌فیق سامەڕایی کۆمێنتێکی زۆر جوانی له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه خسته ڕوو گوتی( ئێوه بۆ ئاشت نابنه‌وه، له‌بری شه‌ڕی خۆکوژی ، بۆ هه‌وڵ ناده‌ن رژێمی سه‌دام بڕوخێنن که پاره‌ی یه‌ک رۆژی نه‌وته‌که‌ی بهسالێکی ئیبراهیم خه‌لیله)
کاک نه‌وشیروان وتی بڕۆ قه‌ناعه‌ت به مام جه‌لال و کاک مه‌سعود بکه.
ئێستا له‌سایه‌ی ئه‌م دۆخه سیاسیه گرژ‌و ئاڵۆزه و بونی مەترسی دەرەکی هه‌مان ئه‌و رستانه‌ی وه‌فیق سامهراییم به‌خه‌یاڵدا دێنه‌وه که به‌شه‌که‌تی له‌داقوقه‌وه و به پێ خۆی گه‌یاندبووه لەیلان ئینجا کەلار ، پێڵاوه‌کانی هه‌لاهه‌لا بوون ، دوای گه‌یشتنی کاک عوسمانی حاجی محمود لە ماڵی دۆستێکی خۆی دەیبینێ و جوتێ پیێڵاوی بۆ ته‌رتیب ده‌کات و لە گەڵ خۆی دەیهێنێ بۆ سلەیمانی و دواتر ره‌وانه‌ی لای مام جه‌لالی ده‌کات لە هەولێر.
ئه‌و پیاوه له ئێمه باشتر نرخی ئه‌و ئازادی و رزگاربوون لە رژێم دکتاتۆریەت ده‌زانی که ئێمه بێباکانه له‌تمان کردبوو، ئامۆژگاری ده‌کردین بۆ رێکه‌وتن و کۆتایی هێنان به‌شه‌ڕو ناکۆکی
کە سوپاس بۆ خوا دوای چەند ساڵێک کۆتایی بە شەری خۆکوژی هات و ئاشتی بەرقرار بوو و بووین بە بەبەشێکی کاریگەر لە روخاندنی رژێمی بەعس و دامەزراندنی عیراقی تازە لە سەر بنچینەی سازان و شەراکەت و بۆ یەکەم جار لە مێژووی عیراقدا کوردێک (مامجەلال ) ببێت بە سەرۆک کۆماری عیراق و پیی بوترێت سەمامی ئەمانی عیراق و بووین بە خاوەنی فیدرالیەت بە پیی دەستور و دابینکردنی لە (١٧/١٠٠) بوجەی عیراق ئیتحادی بۆ هەرێمی کوردستان کە مانگانە زیاتر لە ملیارێک دۆلار بوو.
له‌م نووسینه مه‌به‌ستم نییه بڵێم ئێمه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕێکی ترداین به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه بڵێم پێویستمان به ته‌باییه نه‌ک په‌رتبوون، ناکۆکی و جیاوازیه‌کان هه‌ر چه‌ند بن بایی ئه‌وه نین گرژی دروست بکرێ و خه‌ڵک دووچاری دڵه‌راوکێ و نائومێدی ببێ.
ئێمه ئه‌مڕۆ پێویسته خۆمان روبه‌ڕوی به‌خۆداچونه‌وه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه بکه‌ینه‌وه، دواتر خاڵه ناکۆک و کۆکه‌کان جیا بکه‌ینه‌وه، ئینجا میکانیزمی چاره‌سه‌ری خاڵه ناکۆکه‌کان ده‌سنیشان بکه‌ین و بڕیاری له‌خۆبوردوانه بده‌ین، چونکه ئەگەر کێشەکانی ناوخۆی خۆمان چارەسەر بکەین و دادپەروەری و حوکمی رەشید بەر قەرار و متمانەی خەڵک مسۆگر بکەین و پەیوەندی دروست و بەپێ دەستور لە گەڵ بەغدا جێبەجێ بکەین ئەو کات ئەتوانین بە سەربەرزییەوە خزمەتێکی باش بە خەڵک و کوردستان بکەین و روحی شەهیدەکانمان شادبکەین
لەڕاستیدا ئەگەر لۆژیک زاڵ بکەین وه‌ک گوتمان ئه‌وه‌ی له پێشمانه زۆر له‌وه‌زیاتره له‌وه‌ی ئێستا لە پێناویدا خەریکە حیسابی بۆ ده‌که‌ین.