هەڵبژاردەی مەغریب ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە لە یارییەكەی پورتوگال لە چارەكی كۆتایی مۆندیالی قەتەر، بەهۆی لەدەستدانی سێ یاریزانی گرنگ كە بە كۆمەڵەكەی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەكە دادەنرێن و بریتین لە، ڕۆمان سایس، و نایف ئەكرد، و نەسیر مزراوی.
ئەو سێ یاریزانە لە یارییەكەیان دژ بە ئیسپانیا لە سێ شەممەی ڕابردوو كە تێیدا “شێرەكانی ئەتڵەس” بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیاندا بە پەناڵتی بلیتی سەركەوتنیان بۆ چارەكی كۆتایی بڕی، تووشی پێكان بوون.
لەو بارەیەوە ڕكڕاكی ڕاهێنەری هەڵبژاردەكە ڕایگەیاند”بەردەوام گومانمان هەبوو بەر لە هەموو یارییەك كە تائیستا ئەنجاممان داوە، بەڵام هەموو جارێك لە ڕۆژی یارییەكەدا بڕیار دەدەین”.
بە وتەی ڕكڕاكی”تیمێكی پزیشكی نایابمان هەیە و هەموو هەوڵێك دەخەنەگەڕ لەپێناو چارەسەركردنی یاريزانەكان و ئامادەكردنییان بۆ ڕۆژی یارییەكان، ئەركەكەیان زۆر قورسە لە سایەی كەمی ئەو كاتەی لەبەردەستدایە، بەڵام سەركەوتووبوون و تائێستا هیچ یاریزانێكمان لەدەستنەداوە”.
ڕاهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب دەڵێت”ئەوەی گرنگە ئامادەیی هەموو یاریزانەكانە، گەر یاريزانێكیش ئامادە نەبوو، یاریزانێكی تر لەجێگەی دەبێت و هەمان كاردەكات گەر زیاتر و باشتر نەبێت، گرنگ نییە هەر یاریزانێك بێت، گرنگ ئەوەیە لە لوتكەی ئاستدا بێت بەڕێژەی لەسەدا 100″.
هەڵبژاردەی مەغریب لە لوتكەیەكی ئاگریندا لە شەممەی داهاتوو لە یاریگای سەمانە ڕووبەڕووی پورتوگال دەبێتەوە و هەوڵدەدات لە مۆندیالی قەتەردا دەستكەوتێكی مێژوویی لەسەر ئاستی هەڵبژاردە عەرەبی و ئەفریقاییەكان تۆماربكات بۆ گەیشتن بە قۆناغی چوار.