سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت قەوارەی هەرێمی کوردستان موڵکی خەڵکە و پێویستە پارتی و یەکێتی ئەو پارانەی بردوویانە بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ئەمڕۆ سێشەممە، گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لەبارەى نەدانى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند، بێمتمانەیی هەیە لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق، خەڵکى کوردستان و مووچەخۆران خراونەتە بەردەداشى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق هەردوو حکومەت بەرپرسیارن بەرامبەر خەڵکى کوردستان و پێویستە ئەو رێککەوتنانەى خۆیان کردوویانە هەردوولا پابەندى بن و جێبەجێى بکەن، ناکرێ ململانێى سیاسى بکرێتە بەهانە بۆ برسیکردنى خەڵک.
وتیشی: “ئەوەى لەم هەرێمى کوردستانە بەرهەم هاتووە موڵکى هەموو خەڵکى کوردستانە و خەڵکى کوردستان قوربانی زۆریداوە بۆ قەوارەى هەرێمى کوردستان، نەک موڵکى یەکێتى و پارتى تا بەپێى بەرژەوەندییەکانى خۆیان مامەڵەى پێوە بکەن و بە ململانێى ناشرین و بەرژەوەندى خۆیان قوتى خەڵک ببڕن”.
بە پێویستیشیزانی پارتی و یەکێتی “ئەو پارانەش کە بردوویانە بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەى ئەم وڵاتە”.
گوڵستان سەعید لە حزبەکەی یەکێکە لە سێ پێکهێنەرەر سەرەکییەکەی حکومەت ڕایگەیاند حکومەت لە رابردوودا نەیتوانى وەک ئەوەى ئاماژەى بۆدەکرد و بەڵینى بە خەڵک دەدا ئابوورى سەربەخۆ بخاتە خزمەتى هاووڵاتییانەوە، بەڵکو ئەو سیاسەتە هەڵانەى پەیڕەویان کردووە لەگەڵ نەبوونى خزمەتگوزارییەکان و وەڵامنەدانەوەى داخوازییەکانى هاووڵاتییان وایکردووە بێ متمانەیی لەنێوان هاووڵاتییان و حکومەت دروستکردووە و بەداخەوە خەڵک کرایە قوربانیی و بێ ئومێدکرا.