لیژنەی دارایی پەرلەمان میوانداری شاندی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ دانوستان کردن لەسەر بەشەبودجەی هەرێم، سەرچاوەیەک لە لیژنەکە ڕایگەیاند ناکۆکی گەورە هەیە کە پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕۆژنامەی (صباح)ی زمانحاڵی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ناکۆکیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا سێ دۆسیە لەخۆدەگرێت کە پێویستی بە یەکلایی کردنەوە هەیە و کۆبونەوەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمان ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات.
ڕۆژنامەکە لەبارەی ئەو دۆسیانەی کە هەرێم و بەغدا ناکۆکییان لەسەری هەیە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت، خاڵە سنووریەکان و دۆسیەی داهاتە نانەوتیەکانە، هاوکات کۆبونەوەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تەنها روونکردنەوەی لێدەدرێت و هیچ بڕیارێکی لێ نادرێت.
جەمال کۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ناکۆکیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرۆژنامەکەی وتووە: ” کۆبونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک، بەهۆی ئەوەی جیاوازیەکان زۆرن و پێویستی بە بڕیاری سیاسیە، کۆبوونەوەکانی لیژنەکە لەگەڵ تیمی دانوستانکار بەردەوام دەبێت تاکو دەگەن بە چارەسەری پێویست.”
رۆژنامەی صباح ڕاشیگەیاندووە، هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات پەناببات بۆ نێوەندگیری نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام بەغدا هەموو دەستتێوەردانێکی دەرەکی رەتدەکاتەوە، حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە بەپێی دەستووری عێراق مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
بەغدا لەگەڵ هەرێم ناکۆکی گەورەی لەسەر دۆسیەی نەوتە لەگەڵ هەرێم و باوەڕی وایە ئەو بڕەی رۆژانە هەرێم رادەستی عێراقی دەکات هەمان ئەو بڕە نییە کە لە رێکەوتنەکانی نێوانیان هاتووە، هەروەها بەغدا داوای داهاتی سەرجەم خاڵە سنووریەکانی هەرێم دەکات، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشێک لەو دەروازانەی بە نا فەرمی و دانپێدانەنراو ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا داوای سەرجەمی داهاتە نانەوتیەکان دەکات، هەرێم بەوە ڕازی نییە و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
جگە لەوەش سەرچاوەیەک لە لیژنەی دارایی بە ڕۆژنامەی (صبای)ی ڕاگەیاند: “شاندی حکومەت باسی ژمارەکانی نێوان بەغدا و هەولێریان کرد، لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵی دەڵێت، هەشت ترلیۆن دیناری ڕادەستی هەرێم کردووە، هەرێمیش دەڵێت هیچ بڕە پارەیەکی لەو شێوەیە نییە و ڕایگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیە دوو ترلیۆن و نیوە.”
هاوکات شەوی ڕابردوو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ژمارەیەک میدیایی ڕایگەیاند، ئەوان ناتوانن هیچ بڕە پارەیەک بۆ موچەی هەرێمی کوردستان بنێرن جگە لەوەی لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە.