سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دەكات و ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانی لە سودانی دەكەن و گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبێت.
بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، ڕۆژی دوو شەممە 11ی ئەیلوولی 2023 لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمەناوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد و بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و پشتبەستن بە دیالۆگ لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند بە مەبەستی بەردەوامبوونیان لە گفتوگۆ و دانوساندن و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بە تایبەت لە بابەتی بودجە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر.
باڵیۆزی ئەمریكا دڵگرانیی خۆی لەمەڕ گرژی و ڕووداوەكانی كەركووك و قوربانیبوونی هاووڵاتیان دەربڕی.
بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ سودانی دووپاتكردەوە و ڕاشیگەیاند، كە گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبێت.
جەختیشی لەوە كردەوە، كە چاوەڕوانی ئەوەن هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ ڕاستكردنەوەی بارودۆخ و پاراستنی سەقامگیریی كەركووك و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لەبەرانبەر ئەو كەسانە كە بوونە هۆی نانەوەی ئاڵۆزی و ڕشتنی خوێنی هاووڵاتیانی كەركووك.
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و پێویستیی هاودەنگیی ناوخۆیی هەرێم و چارەسەربوونی كێشەكان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بووە و بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە درێخی ناكەت لە پشتیوانیكردنی بۆ چارەسەربوونی گرفتە ناوخۆییەكانی هەرێم و بە پێویستی زانی ڕێگەی دیالۆگ و میانڕەوی بۆ چارەسەری گرفتەكانی نێوان هەردوولا بگیرێتە بەر.