ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەری تەقینەوەكەی سەر پردی پەڕینەوەكەی هەینی ڕابردووی شاری هەولێری ئاشكراكرد.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 لە شەقامی 60مەتری شاری هەولێر لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی نزیك مزگەوتی سپی تەقینەوەیەك ڕوویدا و جگە لە زیانی مادی، خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، دوای ڕووداوەكە، لەلایەن تیمی تایبەتمەندی پسپۆڕی دامەزراوەكانمان دەست بە پشكنین و لێكۆڵینەوەی ورد كرا.
ئاشكراشی كرد، دەركەوت تەقینەوەكە كردەیەكی تیرۆرستی بووە و لەڕێگەی بۆمبی دەستكردی دانراو بە كێشی نزیكەی یەك كیلۆ گرام لە مادەی (پی ئی تی ئێن) بووە و لەلایەن كەسێكەوە ئەنجام دراوە بەناوی (زیاد جەلیل خەڵەف).
دەشڵێت: “زیاد جەلیل خەڵەف خەڵكی ناحیەی تەكیەی سەر بە شارۆچكەی چەمچەماڵە و بە مەبەستی ئەو كردەوەیە هاتۆتە شاری هەولێر و گەڕاوەتەوە تەكیە”.