لیوا ئەیوب: جامەكەمان خەریكە پڕ ئەبێت



لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣و٧ی تایبەت سەبارەت بە نەبوونی مووچە پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كێ هەیە لە ئێوە بەو موچە كەم و كاتە زۆرە بتوانێ ئیدارەی خۆی و خێزانەكەی بكات؟ و دەشڵێت: ” پەتی ئارامیمان بەرەو پچڕان ئەچێ “.

لیوا، ئەیوب یوسف، لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣و٧ی تایبەتی پێشمەرگە لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، خەریكە ئەبینە نمونەیەكی ناشیرینی حكومرانی لەسەر ئاستی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، پشتگوێ خستن و ئاوڕ نەدانەوە لە بیرو ڕای گشتی جەماوەر و دابین نەكردنی مافە سەرەتاییەكانیان ئاماژەیەكی خراپە.

ڕاشیگەیاندووە، وەرن بۆ ماوەیەك ببنە كرێ نشین بزانن چەندە سەختە مووچەیەك، كە بە سێ مانگ وەری دەگرێت بەشی كرێی خانوەكەت ناكا و منداڵە بێ تاوانەكانیشت چاویان لەدەستی تۆیە.

لیوا ئەیوب دەپرسێت، “تا كەی ئەتانەوێ ئاوا بەردەوامبن؟ تا كەی خراپ و خراپتری ئەكەن؟ پەتی ئارامیمان بەرەو پچڕان ئەچێ”.

لیوا / ئەیوب یوسف، لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣و٧ی تایبەت:
بەڕێزان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وجێگری سەرۆكی حكومەت
بارودۆخی خراپ و ناهەمواری كوردستان و دۆخی هاوڵاتیان و فەرمانبەران و كاسبكاران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی ئەڕوات ، دو لایەنی و یەك نەگرتویی كورد و حیزبایەتی هەموو ئینتیمایەكی لەناو بردوە ، كوردستانمان لە دۆخێكی پڕ تەنگەژە و قەیراندایە لە هەموو ڕویەكەوە كە بەرەو كاول بوون ئەچێ ، ئەوەی زیاتر لە پەنجا سالە هەوڵی بۆ ئەدەین و خوێنمان بۆ ڕشتوە بە ساتێك لەدەستمان ئەچێ بە جۆرێك كە سەدان ساڵی تر بۆمان چاك ناكرێتەوە ، خەریكە ئەبینە نمونەیەكی ناشیرینی حكومرانی لەسەر ئاستی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، پشتگوێ خستن و ئاوڕ نەدانەوە لە بیرو ڕای گشتی جەماوەر و دابین نەكردنی مافە سەرەتاییەكانیان ئاماژەیەكی خراپە بۆیە تكایە چاوێك بە دۆخی كوردستان و هاوڵاتیاندا بخشێننەوە، بە یەك نەگرتویی و پێك نەهاتن و ڕێك نەكەوتن ڕیسەكە مەكەنەوە بە خوری ، ناكۆكی و جیاوازیەكانتان لاخەن و ناوماڵی كورد یەك بخەن بە دەست لەناو دەستی و تەبایی و برایەتی ، حكومەت نوێنەری خەڵكە نەك نوینەری یەكێتی و پارتی و لایەنەكانیتر بۆیە حیزبایەتی بخەنە لاوە و لە بارەگاكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیدا حیزبایەتی بكەن بەڵام لە ناو بینای حكومەتدا نوێنەری راستەقینەی خەڵكبن ،ئێمە خەباتمان بۆ ئەم ڕۆژە نەكردوە كە ئاوا زەلیلی كورد ببینین بەڵكو كردمان بۆ بەدەست هێنانی ئازادی و مافە ڕەواكانی گەلی كورد وەك هەر گەلێكیتر كە مافیان هەیە خاك و وڵاتیان هەبێ و حكومەت و دەسەڵاتی هاوزمانیان هەبێ كەچی ڕۆژ بەڕۆژ پەشیمانمان ئەكەنەوە لەو خەبات و تێكۆشانەی كردمان ، جامەكەمان خەریكە پڕ ئەبێت، ئیتر ڕێگا نادەین لە پێناو بەرژەوەندی خۆتان و تاكە كەس و لایەنێكدا دەستكەوتەكانمان وێران بكەن ، هەموو دنیا چاوی لەسەر كوردە ، ئەوە چەندین ساڵە وڵاتانی زلهێز سەرقاڵی یەك خستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دامودەزگا دو لایەنەكانیترن كەچی ئێوە بۆ مەرامی خۆتان ئامادە نین هاوكاریان بكەن و دەست لە بەرژەوەندیەكانتان هەلناگرن ، وەرن بۆ یەك ڕۆژ سەیری دۆخی خەڵك بكەن ، وەرن یەك كاتژمێر ببنە پێشمەرگە، ببنە فەرمانبەر ،ببنە ئاسایش، ببنە پۆلیس یان كاسبكار ، خۆتان بخەنە جێگای مناڵێكی شەهیدەوە یان دایكێكی جەرگ سوتاوەوە كە جەرگی خۆی بۆ ئەم خاكە بەخشیوە ، وەرن بۆ یەك سات ببنە كاسبكار و كرێكار و لە دۆخ و گوزەرانی سەختی ژیانیان تێبگەن ، وەرن بۆ ماوەیەك ببنە كرێ نشین بزانن چەندە سەختە موچەیەك كە بە سێ مانگ وەری دەگریت بەشی كرێی خانوەكەت ناكا و مناڵە بێ تاوانەكانیشت چاویان لەدەستی تۆیە ، كێ هەیە لە ئێوە بەو موچە كەم و كاتە زۆرە بتوانێ ئیدارەی خۆی و خێزانەكەی بكات؟ تا كەی ئەتانەوێ ئاوا بەردەوامبن؟ تا كەی خراپ و خراپتری ئەكەن؟
پەتی ئارامیمان بەرەو پچڕان ئەچێ .
لیوا / ئەیوب یوسف سعید
لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣و٧ی تایبەت

دۆلار گەیشتەوە بەرزترین نرخ
پێت دۆلار گەیشتەوە بەرزترین نرخ
وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕێنماییەكی دەركرد
دوات وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕێنماییەكی دەركرد
پەیوەنیدر