مەسرور بارزانی ڕایگەیاند پێویستە بەغدا هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت”.
ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە کە “تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان ، تاوتوێکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوو لە یاسای بودجەی فیدراڵدا”.
سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند “بەداخەوە لایەن هەیە دەیانەوێ بە شێوەیەکی ناڕەوا و لە دەرەوەی یاسای بودجە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن، لەکاتێکدا شاندی دانوستانکاری هەرێم داتا و زانیاری ورد و پشبەست بە بەڵگە یاسایی و دەستوورییەکانیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە”.
وتیشی: “پێویستە هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت”.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەت “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوو و لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان”.
ئەوەشی خستەڕوو کە “بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووك و لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئاساییکردنەوەو گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی دۆخی کەرکووک کرا”.