سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شۆڕشی ئەیلوول سەلماندی کە “گەلی كوردستان ڕێی كۆڵنەدان و سەرفرازیی گرتووەتە بەر، نەك خۆڕادەستكردن و ملكەچكردن”.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “شۆڕشی ئەیلوول، گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان بوو کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی ڕێبەری نیشتمانییمان جەنابی بارزانیی نەمر، لەپێناو ئامانجی باڵای هاوبەشدا، بەشدارییان تێدا کرد”.
ڕوونیشیکردەوە کە لەو شۆڕشەدا “چەندین داستانی سەرکەوتنی تێدا تۆمار كرا و سەروەری و دەستکەوتی گرنگی بۆ گەلی کوردستان بەدەست هێنا. لەو ڕۆژگارە سەختەدا بەرخودان و خۆڕاگری و قارەمانیەتیی پێشمەرگە نەبەزەكان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، لە جیهاندا دەنگی دایەوە و تا ئێستاش نەك هەر ئازادیخوازانی كوردستان، بەڵكوو ئازادیخوازانی هەموو جیهان، بە ڕێزەوە لە شۆڕشی ئەیلوولی گەلی كوردستان دەڕوانن”.
مەسرور بارزانی دەڵێت: “یادکردنەوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، پێویستە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ هەمووان تا پێداگر بین لە سەر وەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان و بەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە، هەموو ئەو دەستکەوتە نیشتمانییانەمان بپارێزین کە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و قوربانیدان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلی کورستانە، بەتایبەتی شۆڕشی ئەیلوول کە یەکێک لە دەستکەوتە مێژووییەکانی، ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 بوو کاتێک حکومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار کرا دان بە بەشێک لە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت”.
سەرۆکی حکومەت ڕاشیگەیاند، “شۆڕشی ئەیلوول، بۆ هەموو دوژمنان و نەیارانی كوردستانی سەلماند، كە گەلی كوردستان ڕێی كۆڵنەدان و سەرفرازیی گرتووەتە بەر، نەك خۆڕادەستكردن و ملكەچكردن”.