“سێ ناوچەی ھەرێم مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە”



سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان- عێراق، عەبدولڕەحمان سدیق ڕایگەیاند کە داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ھاوکارییان بکەن لە سەوزکردنی سێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ۆڕکشۆپێکی ئامادەکاری لە ھەولێر، بۆ کۆنفڕانسی گۆڕانی ئاووهەوا کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت، ئەنجام درا.

عەبدولڕەحمان سدیق لە میانی ۆڕکشۆپەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ھەرێمی کوردستان لە بواری پاراستنی ژینگەدا، دەستکەوتی باشی بەدەستھێناوە کە لەناوچەکانی دیکەی عێراق بەدەست نەھاتوون لەوانە، بەکارھێنانی غازی ھاوەڵ بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و سوودوەرگرتن لە وزەی پاک بۆ ھەمان مەبەست.

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان – عێراق، باسی لەوەیشکرد کە لە ئێستادا، ئامارێکی دیاریکراو بۆ ھەبوونی رێژەی بە بیابانبوون لە ھەرێمی کوردستان لە بەردەستدا نییە و گوتی: “داوامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ھاوکارمان بکەن لە سەوزکردنی ناوچەی گەرمیان، باشووری دھۆک و ڕۆژئاوای ھەولێر، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە.”

عەبدولڕەحمان سدیق لەبارەی ھەماھەنگی نێوان دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ژینگەی عێراق، گوتی: ” ئێمە و وەزارەتی ژینگەی عێراق لە ھەموو دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتییەکاندا ھەماھەنگییمان ھەیە، تەنانەت بەرنامەی نیشتمانی بۆ گۆڕانی ئاووهەوا لە ساڵی ٢٠٢٠وە تا ٢٠٣٠ پێکەوە ئامادەمان کردووە و پێکەوە کارمان لەسەر کردووە و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشمان ھەر پەیوەست بوو بەو بابەتە”.

بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کۆنفڕانسی گۆڕانی ئاووهەوا لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت کە ھەر یەک لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان- عێراق و وەزارەتی ژینگەی عێراق تیایدا بەشداری دەکەن.

 

مێسی و ڕۆناڵدۆ پاڵپشتی مەغریب دەکەن
پێشت مێسی و ڕۆناڵدۆ پاڵپشتی مەغریب دەکەن
یادکردنەوەی 11 ی سێپتەمبەری ئەمساڵ جیاوازە
دواتر یادکردنەوەی 11 ی سێپتەمبەری ئەمساڵ جیاوازە
ەیوەندیدار