بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت خزمەتی گەلی خۆمان بكەین



بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تاران لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆبووەوە و ڕایگەیاند، دەتوانین لەگەڵ دۆستەكانمان هەماهەنگیی تەواومان هەبێت و پێكەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكاندا هەنگاوبنێین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی بە یاوەری شاندێكی باڵای حزبی، كە پێكهاتوون لە ڕەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی و دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هیوا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە تاران لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، “لەو كۆبوونەوەیەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێم و بەتایبەت یەكێتی و كۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لێكرایەوە و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی ئاسایش و هەماهەنگیی كەلتووری گفتوگۆی لەبارەوەكرا”.

لای خۆیەوە، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ستایشی ڕۆڵی سەرۆك مام جەلالی كرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و پاراستنی تەبایی و پێكەوەژیان لەنێوان نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكاندا و وتیشی، “یاد و یادەوەریی سەرۆك مام جەلال هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و ئێستاش یەكێتی بەهەمان ڕۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە تەندروستە دەدات، كە بێگومان هێزێكی كاریگەرە و ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی لە عیراقدا”.

هاوكات، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە كرد و ڕایگەیاند، هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەكاندا بەردەوامە، هیوادارم هەموومان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكاندا هەنگاوبنێین و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە كاری لەپێشینەمان بێت.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی و پەیوەندییەكانی حزبەكە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ بافڵ تاڵەبانی وتی، “یەكێتی بە ئیرادەیەكی بەهێز و سەربەخۆوە درێژە بە هەمان سیاسەتی هاوسەنگ و حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال دەدات و دەمانەوێت خزمەتی گەلی خۆمان بكەین. بڕواشمان وایە دەتوانین لەگەڵ دۆستەكانمان هەماهەنگیی تەواومان هەبێت و پێكەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكاندا هەنگاوبنێین، پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ شیعە و كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەو چوارچێوەیەدایە”.

خەڵك؛ هۆكاری ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەكەی هەولێر ئاشكرادەكات
پێت خەڵك؛ هۆكاری ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەكەی هەولێر ئاشكرادەكات
كۆرۆنا سەریهەڵدایەوە و وڵاتێك بەستنی دەمامكی كرد بەناچاری
دوات كۆرۆنا سەریهەڵدایەوە و وڵاتێك بەستنی دەمامكی كرد بەناچاری
پەیوەنیدر