دوابەدوای بایكۆتی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، مامۆستایانی خوێندنی كوردی له كه‌ركوك بڕیاری بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیاندا و ڕایانگەیاند، به‌بێ مووچه ده‌رگای خوێندنگەكان ناكه‌نه‌وه.
دوێنێ شەممە، مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڕیاری بایكۆتی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و دوابەدوای ئەوەش مامۆستایانی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان بڕیاری بایكۆتیان دا بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەوە، بەڵام وەزیری پەروەردە لە پەیامێكدا داوای دان بەخۆداگرتن دەكات و داوا دەكات، مامۆستایان ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.
په‌روین فاتیح، سه‌رۆكی یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری بنه‌ڕه‌تی خوێندنی كوردی لە كەركوك ڕایگەیاندووە، “ئه‌گه‌ر تا 1ی تشرینی یه‌كه‌م مووچه دابه‌شنه‌كرا، بایكۆتی گشتی ڕاده‌گه‌یه‌نین”.
ڕاشیگەیاندووە، “ئێمه‌ش مافمان هه‌یه و پێویسته حكومه‌ت پابه‌ندی ئیلتیزاماتی خۆی بێت”.
ماوەی 10 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر مانگی ئەیلولدا و هێشتتا مووچەی مانگەكانی 7 و 8 دابەش نەكراوە و حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق هەریەكەیان ئەوەی دیكە تۆمەتبار دەكەن بە پابەند نەبوون بە جێبەجێ كردنی یاسای بودجە و پابەند نەبوون بە ڕادەستنەكردنی نەوت و داهات و نەهاتنی پارەی بودجە.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە 13ی ئه‌یلول له هه‌رێم و 1ی تشرینی یه‌كه‌م له كه‌ركوك ساڵی نوێی خوێندن دهستپێدەكات.