وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی سەبارەت بە بودجە جێبەجێکردووە و ئێستا بەغدا ستەم لە هەرێم دەکات، هاوکات داواشی لە مامۆستایان کرد بایکۆت نەکەن و وتی: ئەو دۆخەی سەختە تێدەپەڕێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە سەبارەت بە کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی یاسای بودجەی جێبەجێکردووە.
وتیشی: “بە پێی یاسا شایستەی هەرێم لە بودجەی 2023 بریتییە لە 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینار، بەڵام ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە ئێمە گەیشتووە تەنیا سێ ترلیۆن و 598 ملیار دینار بووە لەو بڕەش 400 ملیار دیناری هی مانگی 11 و 12ی ساڵی ڕابردوو بووە، کەواتە سێ ترلیۆن و 198 ملیار دیناری ئەمساڵ ڕەوانە کراوە”.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەگەر بەغدا 500 ملیار دینارەکەش بنێرێت، هێشتا بەشی مووچە ناکات، چونکە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 320 ملیار دینارە، بەڵام بۆ مووچە مانگانە نڕی 906 ملیار دینار پێویستە.
وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ستەم بووەتەوە.
داواشی لە مامۆستایان کرد بایکۆت نەکەن و وتی: “ان مع العسر يسرا”، دوای ناخۆشی خۆشی دێت و بە ئیرادەوە ئەو دۆخە سەختەش تێدەپەڕێت.