وەزیری دارایی عێراق بڕی ئەو پارەیەی ئاشكراكرد، كە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت و دەشڵێت: “پێویستە هەرێمی كوردستان باجی گومرگی كەم بكاتەوە بۆ كەم كردنەوەی قاچاخچێتی”.
ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی کۆبوویەوە و پشکی هەرێمی کوردستانیان لە بودجە و مووچە تاوتوێ کرد.
بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە فەرمی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا بە پەرلەمانتارانی ڕایگەیاندووە، هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان دەستەی دەروازە سنورییەکانی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ یەکسختنی ڕەسمی گومرگی نییە و ڕسوماتی گومرگی هەرێم بۆ چەند بابەتێك کەمترە وەك لە عێراق، بۆ نمونە جگەرە، کە لە هەرێمەوە دێت.
وتوشیەتی، “پێویستە کۆنتڕۆڵی خاڵەسنورییەکان بۆ سفر بگەڕێنرێتەوە، نەک تەنها لە یەک شوێندا، بەڵکو لە شوێنی جیاوازدا لەگەڵ کەمکردنەوەی باجی گومرگ بۆ کەمکردنەوەی قاچاخچێتی”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی هەرێمی كوردستان وەری گرتووە زیاترە لە شایستە داراییەكانی، بۆیە پێویستە پابەندی ئەركەكانی بێت بەرامبەر بە حكومەتی فیدڕاڵی لە ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و ئاشكراكردنی بڕی ڕاستەقینەی ئەو داهاتەی دەستی دەكەوێت.
ئاشكراشی كردووە، پشکی هەرێم بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ ترلیۆنێک و ٥٠٠ ملیار دینارە”.