چالاکوانان و نووسەران و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، بەرپرسیارێتی مێژوویی پاراستنی سەربازگەی تۆپزاوە دەخەنە ئەستۆی ئێوەی وەزیرانی کورد لە ناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
سەڕبازگەی تۆبزاوە، هێمای دەڕندەیی ڕژێمی بەعسی فاشیست بووە و چیرۆكی تراژیدیای ئەنفال و بەڵگەی ئەو تاوانە دەڕەندەیە دەگێڕێتەوە، کە بەرامبەر گەلی کورد لە ئەنجامدرا.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ـەوە، دەبوو سەربازگەی تۆپزاوە بکرایە بە مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە قوربانیانی جینۆساید، دۆکۆمێنت و بەڵگەکانی تاوانی ئەنفالی تێیدا بخرایەتەڕوو، بەڵام بەهۆی بێباکی حکومڕانانی کورد، ئەو شوێنە گرنگە پەراوێزخرا.
ماوەی سێ ساڵە، وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق، چاوی بڕیووەتە سەر (سەربازگەی تۆپزاوە)، دەیەوێت جارێکی دیکە ئەو شوێنە بکاتە سەربازگە و سوپای تێیدا جێگیری بکات.
وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق زەوییەکانی سەربازگەکەی بە موڵکی وەزارت ناوبردووە، لە کاتێکدا ئەو زەوییانە موڵکی جوتیارانی کوردن و لە ساڵی هەشتاکان بە بڕیاری (مجلس قيادة الثورة)ـی هەڵوەشاوەی رژێمی بەعس، بە زۆر خاوەدارێتی زەوییەکان لە جوتیارانی سەندراوەنەتەوە و کراون بە موڵکی دەوڵەت.
چالاکوانان و نووسەران و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەرپرسیارێتی مێژوویی پاراستنی سەربازگەی تۆپزاوە وەک یادەوەرییەکی تاڵی تاوانی ئەنفال، دەخەنە ئەستۆی ئێوەی وەزیرانی کورد و داواکارییەکانیان دەخەنەڕوو.
یەکەم: لە ناو کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ پرسی سەربازگەی تۆپزاوە دەربکرێت، بە هیچ شێوەیەك ئەو شوێنە نەکرێتەوە سەربازگە.
دووەم: ئەم یاداشتەی چالاکوانان و نووسەران و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، بخرێتە بەردەست ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە جۆرێك سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە تاوانی ئەنفال.
سێیەم: ئەنجومەنی وەزیران، قەربووی مادی جوتیارانی خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانی سەربازگەی تۆپزاوە بکات.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە: DOC-20230909-WA0010 (1)