ئەمڕۆ پێنج شەممە لوتكەی چین و دەوڵەتانی عەرەبی لە عەرەبستانی سعودی بەڕێوەدەچێت.
لەم لوتكەدایە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بەشداری دەكات.
دوێنێ سەرۆكی چین، شی جین پینگ گەیشتە سعودیە، ِایگەیاند: “متمانەیەكی ستراتیجیی لەنێوان چین و سعودیە دروست دەكرێت”.
ئاژانسی هەواڵیی فەڕمی سعوودیە بڵاوی كردەوە، سەرۆكی چین، شی جین پینگ كە بەمەبەستی بەشداریكردن لە لووتكەی وڵاتانی عەرەبی و چین لەسەر بانگهێشتی شای سعودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز سەردانی ریازی كردووە لە فڕۆكەخانەی شا خالید بۆ میدیاكاران دواوە.
شی سڵاوی گەل و حكوومەتی چینی بە سعوودیە گەیاند و ئاماژەی بەوە دا كە ماوەی ٣٢ ساڵە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامن : “پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای متمانە، دۆستایەتی و هاوبەشێتی بەردەوامن”.
شی جین پینگ بە ئاماژەدان بەوەی كە متمانەیەكی ستراتیجیی لەنێوان چین و سعودیە دروست دەكرێت، ڕایگەیاند “هەماهەنگییە كردەییەكانی هەردوو وڵات ئەنجامی باشی لە تەواوی بوارەكاندا لێ كەوتووەتەوە، هەروەها لەبارەی بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانیش بەردەوامی بە هەماهەنگی بەهێز دراوە”.
هەریەك لە میری ریاز، فەیسەڵ بن بەندە بن عەبدولعەزیز؛ وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان؛ سەرۆكی سندوقی وەبەرهێنانی نیشتمانیی سعوودیە، یاسر عوسمان ئەل رومەییان و باڵیۆزی چین لە ریاز، چێن وەیكینگ لە فڕۆكەخانە پێشوازییان لە شی جین پینگ كرد.
سەرۆكی چین، شی جین پینگ لە ٢٠١٦ سەردانی ریازی كرد و لە ٢٠١٩ لەگەڵ جێنشینی سعودیە، محەمەد بن سەلمان لە پەكین كۆبووەوە.