حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونن



ماوەی چەند ڕۆژێکە حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڕشانەوە و سکچوون لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی زیادیکردووە و ئەمەش وایکرد کە وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، تیمێکی تەندروستی ڕەوانەی شاری سلێمانی بکات بۆ بەدواداچوونی زۆربوونی ژمارەی حاڵەتەکان و ڕێککارەکانی پەتازانی، چارەسەریی و دەستنیشانکردنی ھۆکارەکانی تووشبوون، ئەمڕۆش وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند کە تا ئێستا ١١٧ حاڵەتی کۆلێرا لە سلێمانی دەستنیشانکراون.

هەفتەی ڕابردوو ١٠ حاڵەتی تووشبوو بە کۆلێرا لە سلێمانی دەستنیشانکرا، هاوکات سێ حاڵەتیش لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تۆمارکراون، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوونەوەی نەخۆشییەکە دەکرێت بەڵام تا ئێستا هیچ تووشبوویەک بە کۆلێرا دەستنیشان نەکراوە.

بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی مانگێکە چالاکییەکانییان چڕتر کردووەتەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لەم نەخۆشییە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لە رێگای هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی، هۆشیارییەکان لە رێگای بڕۆشۆرەوە دەگەیەننە هاووڵاتییان.

لەبارەی ڕێکارەکانی ڕووبەڕوونەوەی کۆلێرا، وتی: “وەکو پارێزگای ھەولێر، ماوەی مانگێکە چالاکییەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ھۆشیارکردنەوە لەمبارەیەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر نەخۆشییەکەش پەیدابوو هاووڵاتییان بتوانن خۆیان بپارێزن”.

بێریڤان عەدنان وتیشی: “نەخۆشییەکە سکچوونێکی توندە و تووشبووەکە بەشێوەیەکی خێرا ئاو و خوێی لەشی لەدەستدەدات و پێویستە بەپەلە خۆی بگەیەنێتە نەخۆشخانە و ئاودێری دەمەکی (موغەزی) و چارەسەری پێویست وەربگرێ، چونکە ئەگەر چارەسەر بە تەواوی وەربگری ئەوا ڕێژەی گیانلەدەستدان لە سەدا یەک کەمترە، بەڵام ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت، ئەوا ڕێژەکە بەرزدەبێتەوە بۆ سەدا ٤٠، بۆیە پێویستە لەکاتی بوونی نیشانەیەکی نەخۆشییەکە، ئەوا تووشبووەکە خۆی بگەیەنێتە نەخۆشخانە”.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە گرنگترین هەنگاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە، خۆپارێزییە و دەڵێت: “جگە لەوەی خۆپاراستن گرنگترین شتە، بەڵام پێویستە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە پاک بێت و کلۆری تیادا کرابێت، بەتایبەت ئەو ماڵانەی لەمیانی کەمئاوییدا بە تانکەر ئاوی خواردنەوە دەکڕن، ئەوا پێویستە بزانن سەرچاوەی ئاوەکە کوێیە، ھەروەھا دەبێت سەرچاوەی خواردنیش پاک بێت بەتایبەت ئەو خەڵکەی سەردانی چێشتخانە و کافتریاکان دەکەن دەبێت لەوە دڵنیابن کە خواردن و سەوزەواتەکان (ئەوانەی پەلکیان ھەیە) دەبێت زۆر بەجوانی بشۆردرێتەوە، بەتایبەت ھەندێک لەو سەوزانە لە ھەندێک شوێن بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت ئەو ماوەیە خەڵک لە خواردنی سەوزە دووربکەونەوە”.

بێریڤان عەدنان وتیشی: “بەکتریاکە لە یەک ڕۆژ تا سێ ڕۆژ کڕ دەکەوێت، ئەگەر تووشبووەکە چارەسەریی پێویست وەربگرێت ئەوا ماوەی ھەفتەیەکە، بەڵام مانای ئەوە نیە کە ئەگەر نەخۆشەکە نیشانەی تیادا نەما ئەوە بەکتریاکەش لە لەشی نەماوە، بەڵکو ھەندێکجار بۆ ماوەی یەک مانگ بەکتریاکە کارایە، بۆیە خۆپارێزی زۆر گرنگە لەم ماوەیە”.

لەبارەی حاڵەتەکانی گومانلێکراو و دەستنیشانکراوەکان بە تووشبوون بە بەکتریای کۆلێرا، رایگەیاند: “تا ئێستا هیچ حاڵەتێک دەستنیشاننەکراوە، ئێمە تیمەکانمان بەردەوامن لە چالاکی، هۆبەی پتەوکردنی تەندروستیمان هەیە کە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بڕۆشۆرەوە ڕێنماییە تەندروستییەکان بڵاودەکاتەوە، هەروەها بەشی نەخۆشییە گوازراوەکانمان هەیە کە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و لە حاڵەتەکانی سکچوون دەکۆڵنەوە، هاوکات لە نەخۆشخانەش ئامادەکاری کراوە وەکو دابینکردنی موغەزی، هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ بەشی دەرمان و پێداویستی پزیشکیی هەیە و دەرمانی پێویست هەیە، هاوکات بابەتی خۆپارێزی وەک دەستکێش و ئەوانە هەیە بۆ ئەوەی کارمەندەکان بەکاریبهێنن چونکە ئەزموونی ئەوەمان هەیە کە ماوەیەک پێش ئێستا حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون هەبوو”.

بەپێی ئامارەکانیش ساڵی ڕابردوو لە هەولێر ١٤ کەسی تووشبوو بە بەکتریای کۆلێرا تۆمارکرابوون و بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا هیچ حاڵەتێک دەستنیشاننەکراوە.

هاوکات هەفتەی ڕابردوو، سەباح ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە ڕۆژانە ١٠٠ کەس بەھۆی سکچوون و ڕشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و جەختیشی لەوەکردەوە کە مەرج نییە ھەمووان تووشی بەکتریای کۆلێرا بووبن”.

سەباح ھەورامی ڕاشیگەیاند کە ئەوەی ئێستا یەکلاییکراوەتەوە، ١٠ کەس تووشی بەکتریای کۆلێرابوون، نزیکەی ٧٠ کەسیش لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان، لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو ھەوڵەکان خراونەتەگەڕ بۆ ڕێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و ئاشکرایشی کرد کە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نیيە.

هەرچەندە دوای نزیکەی هەفتەیەک، شێوازی پشکنین و چارەسەرەکان گۆڕاون و لە پارێزگای سلێمانی هەموو سکچوو و ڕشانەوەیەک وەک تووشبوو بە کۆلێرا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری تەندروستی هەرێم، سامان بەرزنجی لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند کە تا ئێستا لە سلێمانی ١١٧ حاڵەتی کۆلێرا دەستنیشانکراوە، ئەوەیشی خستەڕوو کە تا ئێستا هیچ کەسێک بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستنەداوە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، وتی: “دوای ئەوەی کە حاڵەتەکە دەستنیشانکرا و دەرکەوت کە کۆلێرایە، دوای ئەوە ھیچ پشکنینێک نانێرین بۆ تاقیگەی ناوەند، چونکە ھەموو سکچوون و ڕشانەوەیەک وەک کۆلێرا چارەسەری دەکەین، بەمھۆیەوە ڕێژەی ئامارەکە بەرزبووەتەوە و ڕۆژانە ئامارەکان گۆڕانکاریی بەسەردادێت و پێشبینی بەرزبوونەوەی ئامارەکەش دەکەین”.

هەر لە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان تووشبوویەکی بە نەخۆشی کۆلێرا ڕاگەیاند و ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش دوو حاڵەتی دیکە لە گەرمیان دەستنیشانکران ئەمەش وایکرد کە ڕێکارە تەندروستییەکان توندتر بکرێن و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان – عێراق تیمێکی تەندروستی بۆ ناوچەکە ڕاسپاردووە.

هاوکات فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی دهۆک، وتی: “تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوو بە کۆلێرا لە پارێزگای دهۆک دەستنیشانکراوە، هەرچەندە ڕۆژانە خەڵک سەردانی بنکە و نەخۆشخانەکان دەکەن و پشکنینیان بۆ دەکرێت بەڵام هیچکام لەوانە تووشبوو بە کۆلێرا نەبوونە”.

دکتۆر فەرهاد ئیسماعیل دەڵێت: “جگە لەوەی هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە، هاوکات تیمە تەندروستییەکان بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین بۆ شوێنە گشتییەکان هەروەها هەماهەنگییەکی پتەومان هەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاو بۆ ئەوەی بتوانین پاکترین ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت”.

کۆلێرا بریتییە لە سکچوونێکی توندی درمی کە لە ئەنجامی بەریەککەوتن بە میکڕۆبی (ڤبریۆ کۆلێراوە) مرۆڤەکان تووشی دەبن کاتێک ئاو یان خواردنی پیسبوو بە میکڕۆبەکە بەکاردەهێنن، توندی نەخۆ شییەکە دیاریی دەکرێت بەهۆی سکچوون و پێکهاتەی پیسایی (وەکو ئاوی برنج) و نەبوونی سک ئێشە و تا لە کەسی تووشبوو.

ماوەی کڕکەوتنی نەخۆشییەکە لە نێوان کاتژمێرێک بۆ سێ ڕۆژ دەبێت و گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە ڕێگای بەکارهێنانی ئاوی (ڕووبار، بیر، تانکەر و تانکیی سەرئاوەڵا) دەبێت، کاتێک ئاوەکە بۆ خواردنەوە بەکاربێت و ماددەی کلۆری تیانەکرابێت و بە بەکتریاکە پیس بووبێت چونکە سەرچاوەی کۆلێرا ئاو و سەوزەواتی پیسە.
پێویستە کەسی تووشبوو سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکات لە کاتی هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، هەروەها سەدا هەشتای نەخۆشییەکە چارەسەر دەکرێت بە پێدانی ئاوی دەمەکی (موغەزی) و شلە لە ڕێگای دەمەوە، ئەگەر نەخۆشەکە تووشی وشکبوونێکی توندی جەستەیی ببووەوە ئەوا پێویستە ئاوی دەمەکی لە ڕێگای دەمارەوە وەربگرێت.

سامسۆنگ، Samsung Food دەخاتە بازاڕ، تایبەت بە خواردن کە بە ڕێچکەیە بە زیرەکی دەستکرد کاردەکات
پێشت سامسۆنگ، Samsung Food دەخاتە بازاڕ، تایبەت بە خواردن کە بە ڕێچکەیە بە زیرەکی دەستکرد کاردەکات
لەڕووداوێکی هاتووچۆدا چوار منداڵی خێزانێک گیانیان لەدەستدا
دواتر لەڕووداوێکی هاتووچۆدا چوار منداڵی خێزانێک گیانیان لەدەستدا
ەیوەندیدار