لە ئایندەیەکی نزیکدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی كەركووك دەكات و “پەیمانێكی نیشتمانی” بە سەرجەم لایەنەكان واژوو دەكات.
جەبار عۆدە، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند: ” محەمەد شیاع سودانی لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و بەرپرسانی کەرکووک، بۆئەوەی دۆخی پارێزگاكە ئاسایی بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە سەردانی كەركووك بکات و هەنگاوی چارەسەری بگرێتەبەر”.
ئەو سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەشکرد، ” لە ڕۆژانی داهاتوو بڕیارە سەرۆك وەزیران سەردانەکەی بۆ کەرکووک ئەنجامبدات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک، بەرپرسان، چین و توێژەکان كۆببێتەوە و گوێ لە نیگەرانی و داواكارییەكانیان بگرێت”.
جەبار عۆدە باسی لەوەشکرد: ” پێشبینیدەکرێت بڕیاری گرنگ سەبارەت بە دۆخی کەرکووک دەربکرێت، بە تایبەتی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە پرسە ئەمنی و سیاسییەکانەوە، وەک هەنگاوێکی سەرەتای دروستکردنی نەخشەڕێگایەک و واژۆكردنی پەیمانێكی نیشتمانی.”