مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر بەردی بناغەی زانكۆی بەریتانی نێودەوڵەتی دانا، كە یەكەمین لقی زانكۆی لەندەنە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست، هەروەها دووەم لقی ئەو زانكۆیەیە لە جیهاندا.
مەسرور بارزانی لە گوتاری دانانی بەردی بناغەی ئەم زانكۆیە ڕایگەیاند، خۆشحاڵم كە دەبینین رۆژ بە ڕۆژ ئاستی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە دەڕوات و دروستكردنی ئەم جۆرە ناوەندە زانستییانە، بێگومان یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاری.
ڕاشیگەیاند، ئەم زانكۆیە وەكو لقێك لە زانكۆی لەندەن كە زانكۆیەكی ناوداری نێودەوڵەتییە، هیوادارم بتوانێت خزمەتێكی زیاتری خوێندن و زانست لە هەرێمی كوردستان بكات.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گوتارەكەیدا باسی لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و ڕایگەیاند، بەردەوامین لە گفتوگۆكانمان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی چارەسەری گونجاوییان بۆ نەدۆزراوەتەوە.
دەشڵێت “بەبێ ئەوەی سازش لەسەر هیچ مافێكی دەستووری خۆمان بكەین، داكۆكی لەسەر دابینكردنی هەموو ماف و پێداویستییەكانی خەڵكی خۆمان دەكەین”