قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشور لە هەرێم رایگەیاند لەم قۆناغەدا کورد و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشە و تەحەدای مەترسیدار بووەتەوە و ئەگەر بێتو کورد یەکگرتوو نەبێت، بەرگەی هەڕەشە و مەترسییەکان ناگرێت.
رۆژی چوارشەمە، ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە هەولێر قوباد تالەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشور لە هەرێم کۆبووەوە و باسی پێشهات و کێشەکانی هەرێم و ناوخۆی ماڵی کوردییان کرد.
بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم وەک کونسوڵی گشتی، قوباد تاڵەبانی ستایشی چۆ کی جۆنگی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا رۆڵی گرنگی بینیوە لە بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کۆریای باشور. هەروەها سوپاسی حکومەتی ئەو وڵاتەشی کرد کە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، بەشدارییەکی گرنگ و کارای هەبووە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و عێراق.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان و کورد بە گشتی لە چەندین لایەنەوە رووبەڕووی فشار و مەترسی گەورە بوونەتەوە، بەم دۆخەی ئێستاوە کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ناکۆکی و ململانێیەکی ناتەندروستدان، ئەستەمە کورد بەرگەی ئەو فشار و مەترسییانە بگرێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، تەنها بژاردەی بەردەم کورد و هەرێمی کوردستان لەم دۆخە قورسەدا ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانە و ژیرانە و سەرەتا کێشە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی کورد بە خێرایی چارەسەر بکەین، تا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکان ببینەوە.
قوباد تاڵەبانی هۆشداریشی دا ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین و رۆژانێک دێت هەموو لایەکمان پەشیمان دەبینەوە کە بۆچی ئەو کەمە دەرفەتەی ماوە لە دەستمان دا و نەمانتوانی بەسەر کێشەکانی ناوخۆماندا زاڵ بین.