ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا ڕایگەیاند دەزگای هەواڵگری تورکیا بەدواداچوون بۆ دۆخی کەرکوك دەکات و وتیشی: کەرکوك زێدی تورکمانە و ڕێ بە تێکدانی ئارامی و پێکهاتەکەی نادەین.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێك سەبارەت بە دۆخی کەرکوك ڕایگەیاند: “سەبارەت بە پرسی کەرکوک، وەزیری دەرەوەمان هاکان فیدان و دەزگای هەواڵگریمان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کاڵن بەڕێوەبەری دەزگای میتی بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە ڕاسپاردووە و ئەوانیش لەگەڵ “بنەماڵەی بارزانی” و سەرۆك وەزیرانی عێراق دیداریان ئەنجام دا و لە ئێستادا کەشێکی تاڕادەیەک ئارام لە کەرکوک هەیە.
ئەردۆغان ڕاشیگەیاند لە پێناو ئارامی ناوچەکەدا، دەبێت کەرکوك لە تێکدانی پێکهاتەکەی بەدووربگیرێت. هەر کارێک کە پێکهاتەی کەرکوک تێکبدات، مانای تێکچوونی یەکپارچەیی عێراقە.
هەرچەندە بەڵگەنامە مێژووییەکان کوردستانییبوونی کەرکوك دەسەلمێنن، بەڵام سەرۆکی تورکیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە کەرکوك زێدی تورکمانە و وتیشی: “ئێمە ڕێگە نادەین ئارامی و یەکپارچەیی ئەم جوگرافیایە تێکبچێت”.
لێدوانەکەی ئەردۆغان دوای ئەو گرژییە هات کە لە کاردانەوەی داخستنی ڕێگەی کەرکوك و هەولێر لەلایەن عەرەب و تورکمانەکانەوە لە کەرکوك دروست بوو، گرژییەکان شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی کورد و برینداربوونی 15 کەسی دیکەیان لێکەوتەوە.