دەنگۆی کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ نیوە نیگەرانی لای هاوڵاتییان دروستکردووە، لەکاتێکدا تا ئەمڕۆ کە سەرەتاکانی مانگی ئەیلولە مووچەی مانگی تەمموز چارەنووسی ڕوونییە، ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دڵنیایی دەدات کە بەگوێرەی داهاتەکان نابێت مووچە کەمبکرێتەوە.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پێشووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، “داهاتی تەواو بۆ مووچە لەبەردەستی حکومەتدایە و نابێت هیچ مەترسییەک لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران دروستبکرێت”.
عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، مەترسی لەبەردەم کەمکردنەوەی مووچە بۆ نیوە نییە”. دەشڵێت، “حکومەتی هەرێم ئێستاش ڕۆژانە ٣١٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت خۆ ئەوە بێ داهات نییە، داهاتی ناوخۆشی لەبەردەستدایە کە مانگانە کۆیدەکاتەوە بۆ مووچە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی عێراق ٥٠٠ ملیار دینار وەک سولفە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات دابەشکردنی مووچە”.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو جەختیکردەوە کە ئەو بڕە پارەیە بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆران دەکات و پێویستە حکومەت بەبێ هیچ ئەگەر و مەترسییەک مووچە دابەشبکات.
دوێنێ دووشەممەش ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق بۆ مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ بڕی یەک تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکات.
لەلایەکی دیکەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بڕە پارەیەی عێراق دەینێرێت بەداهاتی ناوخۆشەوە بەشی مووچە ناکات، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیار لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە بدات.