وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسه‌ی پێشکەشکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچووانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەکات و لە سبه‌ی سێشه‌مه‌وه کاتژمێر 8ی بەیانی، زانكۆلاین بۆ ماوەی 8 ڕۆژ بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی کارا دەکرێت.
به‌پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگه‌یاند “لە ڕۆژی سێشه‌ممه ڕێکەوتی 5ی ئەیلوولی 2023 وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی)، تا ڕۆژی 12ی ئەیلوولی 2023، واتە بۆ ماوەی 8 ڕۆژ کارا دەبێت، به‌مه‌ش ده‌رچووان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچووان ده‌بێت سەردانی قوتابخانه‌كانی خۆیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (Username) و (Password).
ڕاشیگەیاندووە، بۆ به‌رچاوڕوونی زیاتری ده‌رچووانی پۆلی 12 و ئاشنابوونیان به سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به سیستمه جیاوازه‌كانییەوە، ئه‌مه‌ش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی دەرچووان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن، ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه بن و هەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنیا بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیان.
ده‌شڵێت: وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابی، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانی پۆلی 12 لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
سەبارەت بە دەرچوووانی ئامادەیی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانیش، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگه‌یاند: دوای دوو ڕۆژی تر سیستمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت، هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت دەرچووانی ساڵانی (2015) تا (2022) ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەشکردنیان هەیە بۆ سیستەمەکانی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەوا بە هەمان ئەو پاسۆرد و یوزەرنەیمانەی کە پێشتر وەریان گرتووە دەتوانن فۆرم پێشکەش بکەن، ئەگەر هەر دەرچووەکیش یوزەرنەیم و پاسوۆردی لەلا نەماوە، ئەوا دەتوانێت سەردانی خوێندنگەکەی خۆی بکات بەمەبەستی دووبارە وەرگرتنەوەی.
بۆ دەرچووانی پێش ساڵی 2015ش وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا جه‌ختیكرده‌وه كه ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەشکردنیان هەیە بۆ خوێندنی ئێواران، ئەوا پێویستە بڕوانامەکانییان بە پەسەندکراوی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانییان بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە و هەر لەوێش یوزەرنەیم و پاسوۆردیان پێ دەدرێت.