دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەنگۆی بێ سەروشوێن بوونی هونەرمەندی میللی شیروان عەبدوڵا بڵاوبووەوە، براكەی ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندی پێوەكردوون و لە ئێستادا لە توركیا دەستگیركراوە و براوە بۆ ئەردەهان.
مەریوان عەبدوڵا، برای هونەرمەند شیروان عەبدوڵا ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی چووە بۆ توركیا چەند ڕۆژێكە شیروان عەبدوڵا هیچ دەنگێكی نەماوە و ئاگاداری هەواڵی نەماوین و نەمان ئەزانی لەكوێیە و چی بەسەرهاتووە.
ڕاشیگەیاند، بەڵام لەم ڕۆژانەدا پەیوەندی پێوەكردم و وتی كاتێك لە هۆتێلەكەم لە توركیا هاتوومەتە دەرەوە دەستگیركراوم و بە ئۆتۆمبێلێل چەند كاتژمێرێك بە چاو بەستراوی دوورخراومەتەوە و ئێستا نازانم لە كوێم و لەناو هۆڵێكدا دەستبەسەرین، كە چەندین كەسی تری تێدایە.
ئاماژەی بەوەشكرد، شیروان عەبدوڵا وتویەتی، خۆم وەك ئێرانی ناساندووە، بۆیە دەستگیركراوم و عەزێتیان داوین، ئیتر دوای ئەوە پەیوەندیمان پچڕایەوە.
ئەو برایەی شیروان عەبدوڵا وتیشی، “دواتر هەر ئەو ژمارە تەلەفونە، كە ژمارەی كارمەندێكی پۆلیس بوو تكامان لێ كرد شوێنەكەمان پێ بڵێت، ئەویش وتی، كە براونەتە ئەردەهان” كە دەكەوێتە نزیك سنوورەكانی جۆرجیا و ئەرمینیا.
شیروان عەبدوڵا لە ساڵی 1975 لە سلێمانی لەدایك بووە و لە ساڵی 1992 دەستی بە گۆرانی وتن كردووە و هونەرمەندێكی میللی ناسراوە و خاوەنی هەوادارێكی زۆرە و لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیا لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی نیشتەجێیە، بەلام بۆ تۆماركردنی گۆرانی و گێڕانی ئاهەنگ و شەوە ئاهەنگ هاتۆتەوە كوردستان و دواتر چۆتەوە توركیا.