لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی مووچە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی حکومەتی عێراق دەیکات سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستانە و دەستبردنە بۆ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا بەڕوونی دەرکەوتووە کە ئەوەی پابەندی ڕیککەوتنەکان نابێ بەغدایە نەک هەولێر، وتیشی حوکەمەتی عێراق بڕی ٥٠٠ ملیار بۆ مووچەی مووچەخۆران دەنێرێت و ئەو پارەیە بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات.
لایخۆیەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەکرد، حوکمەتی هەرێم مانگانە ٩٤٠ ملیار دیناری پێویستە بۆئەوەی بتوانێت مووچە دابەش بکات.
وتیشی، ئەوکاتەی نەوتمان دەفرۆشت مانگانە مووچەمان دابینکردووە.
هاوکات، حکومەتی هەرێم جەخت لەوەدەکاتەوە کە دەرگای پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا داناخەن و بەردەوام دەبن هەتا بتوانن لەرێگەی دانوستان و گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە ڕادەست بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئومێد سەباح ئەندامی شاندی دانوستانکاری کورد لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دەدەین چ هەنگاوێک بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکان بنرێت. دەشڵێت، بە ناردنی ٥٠٠ ملیار دینار ڕازی نابین و ئەبڕیارە بە بڕیارێکی یەکلایانە دەبینین و ڕازی نابین، چونکە بەغدا لەرێگەی داڕشتنی یاسای بودجەوە تۆڵە لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.