شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند:” ئێمە لەکەرکوکین ھاتوین بۆ پشتیوانی خەڵک و ھەڤاڵانمان و سەرکردایەتی کەرکوک ، دەستخۆشیمان لێکردن کە رۆڵێکی زۆرباشیان بینی بۆ کۆنترۆڵ کردنی وەزعی کەرکوک”.
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە کۆنگەرەیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واجبی تاک بەتاکمانە خزمەتی کەرکووک بکەین و ھەموو کوردێکی نیشتیمان پەروەر دەبێ بەرگری لەکەرکوک بکات .
وتیشی:”ئێمە لێرەین، لە رابردوو و ئێستادا بە کردار سەلماندومانە کە بەرگریکاری خەڵک و نەتەوەی خۆمانین لەکەرکوک و پێکەوە ژیان لەکەرکوک بۆ ئێمە بنەمایە و هەمیشە کارمان لەسەر کردووە”.
راشیگەیاند، دۆخی کەرکوک بەموزایەدەکردن ئاسایی نابێتەوە بەڵکو بەدانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لە نێوان ھەموو نەتەوەکان و ھەموو لایەنەسیاسیەکان ئاسایی دەبێتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد:” خەڵکی کەرکوک ھەمیشە خۆڕاگربونە و ناکەونە داوی موزایەدەوە و ئەوانەی موزایەدە بەسەر کەرکوکەوە دەکەن ئێستا دەبینن لەکوێن ، ئێمەش لەکوێین، مێژووی کەرکوکیش دەیسەلمێنێت کێ موزایەدەچیە و کێش بەرگری لەکەرکوک و خەڵکی کەرکوک دەکات”.