سەبارەت بە فەرامۆشکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان یاداشتێک ئاڕاستەی ڕایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.
ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان لە یاداشتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، گرنگیپێدانی لایەنەکان زیاتر لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی (پەرلەمانی كوردستان) و نایاسایی درێژكردنەوەی بوو، لە بەرامبەردا فەرامۆشكردن و بێدەنگی لەسەر بەسەرچوونی ماوەی یاسایی (ئەنجوومەنی پارێزگاكان) هەیە لەكاتێكدا پرسەكە بۆ هەردووكیان هاوشێوەن.
ڕاشیگەیاندووە، بۆ بەهێزكردنی پرسیی دیموكراسی و لامەركەزیەتی كارگێڕی هانی هاووڵاتیان و ڕاگەیەندكار و چالاكانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەگشتی و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت، دەدەین بە بێ جیاوازیان، مكوڕبن لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان.
ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ڕێكەوتی (٣٠/٤/٢٠١٤) ئەنجامدراوە لە ئێستادا ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ٨ ساڵی تێپەڕاندووە و هەڵبژاردن نەكراوە و ئەنجومەنی پارێزگاكان بەردەوامن لەكاركردن تا هەڵبژاردنی خولی نوێی ئەنجومەن بەپێی یاسای ژمارە ( ٢ ) ی ساڵی ٢٠١٩ ، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە ( ٣ ) ی ساڵی ٢٠٠٩ یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. بەڵام لەبەرامبەردا پاش سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، (ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق) ڕێكەوتی ( ١٨/١٢/٢٠٢٣) دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێی (ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق).
دەقی یاداشتەكە:
ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پرسێکی فەرامۆشکراو
پابەندبوون بەماوە یاساییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بە گرنگترین سیمای سەروەربوونی یاسا دادەنرێت، دەرخەری ئەوەیە كە نوێنەران پابەندن بەو شەرعیەتە یاساییەی كە لە ماوەی دیاریكراوی یاساییدا بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی هەڵبژاردنیان، بەڵام مێژووی درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان بوەتە خەسڵەتێكی نەرێنی لە هەرێمی كوردستان و كاریگەریشی هەبووە لە پرۆسەی دیموكراتی و چەسپاندنی .لەم سۆنگەیەوە و وەك ڕێكخراوێكی كۆمەڵگای مەدەنی، و داكۆكیكار لە چەسپاندنی دیموكراسی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و سەروەری یاسا، ئەم یاداشتە بۆ رایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخەینەڕوو.
ئەوەی جێگای سەرنجە، تیشك وگرنگیپێدانی لایەنەکان زیاتر لە ماوەی رابردوودا لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی (پەرلەمانی كوردستان) ونایاسایی درێژكردنەوەی بوو، لە بەرامبەردا فەرامۆشكردن وبێدەنگی لەسەر بەسەرچوونی ماوەی یاسایی (ئەنجومەنی پارێزگاكان) هەیە لەكاتێكدا پرسەكە بۆ هەردووكیان هاوشێوەن . شایەنی ئاماژەپێدانە لەعێراق و لەدوای سڕكردنی (ئەنجومەنی پارێزگاكان)، وەک ئاشکرایە (ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق) ڕێكەوتی ( ١٨/١٢/٢٠٢٣) دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی (ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق). بەڵام لەبەرامبەردا، پرسی هەڵبژاردنی(ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان) تا ئێستاش بابەتێكی فەرامۆشكراوه، بابەتەکە وەها بەساردی وپەراوێزخراو ماوەتەوە، ئەو گەرم وگوڕیەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ هەڵبژاردنی (پەرلەمانی كوردستان) دروستیان كردووە ، كاریگەری لەسەر پرسی (هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان) دروستنەكردوە….
بەڕێزان… بۆ بەهێزكردنی پرسیی دیموكراسی و لامەركەزیەتی كارگێڕی هانی هاوڵاتیان وڕاگەیەندكار و چالاكانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەگشتی و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت، دەدەین بە بێ جیاوازیان، مكوڕبن لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان
وەك بەڕێزتان ئاگادارن ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ڕێكەوتی (٣٠/٤/٢٠١٤ )ئەنجامدراوە و بەگوێرەی ماددەی ١٤ لە بڕگەی دووەم ماوەی خولی هەڵبژاردن دیاریكراوە كە چوار ساڵی ساڵنامەییە واتە هەر خولێكی هەڵبژاردن تەنها بۆ ماوەی ٤ ساڵە لە ئێستادا ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە خولی دووەمە ٨ ساڵی تێپەڕاندووە و هەڵبژاردن نەكراوەو ئەنجومەنی پارێزگاكان بەردەوامن لەكاركردن تا هەڵبژاردنی خولی نوێی ئەنجومەن بەپێی یاسای ژمارە( ٢ ) ی ساڵی ٢٠١٩ ، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە( ٣ ) ی ساڵی ٢٠٠٩ یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێشنیار دەكەین ئامادەكاری تەواو بكرێت بۆ هەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی (٢٠٢٤)دا.
لەکۆتاییدا داواکارین ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەوە زیاتر دوانەكەوێت و پرسەكە بە نادیاری و ئاڵۆزی نەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لەوەزیاتر هاوڵاتیان متمانەی خۆیان بە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان لەدەستنەدەن، لەکاتێکدا ئەم بابەتە خراوەتەبەردەست (دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق)، هاوکات داواکارین (دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق)بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەم ئەنجومەنانە، لایەنی پەیوەندیدار پابەند بکات بە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان