ئەمڕۆ یەک شەممە، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی كرد بە ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی 9ی خانەنشینان و دەستەی گشتی خانەنشینی نیشتمانی ئاشكرای كرد، كە دەست بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دەكەن.
وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، بەشی ژمێریاری وەزارەت دەستیکردووە بە دابینکردنی بودجە بۆ مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی ئەیلولی ئەمساڵ.
ڕاشیگەیاندووە، “پێویستە بەڕێوەبەرایەتی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید و دەسەڵاتی خانەنشینی نیشتمانی پەلە بكەن لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێدانی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی لە ڕێگەی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنیەوە”.
وەزارەتەکە داوای لە “هەموو خانەنشینە مەدەنی و سەربازییەکان کردووە، کە نامەی مۆبایلیان پێدەگات، سەردانی لقی بانکەکان و فرۆشگاکانی ATM بکەن لە بەغدا و پارێزگاکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان”.
ئەمڕۆ یەک شەممە 3ی ئەیلولی 2023، دەستەی گشتی خانەنشینی نیشتمانی عێراق بڵاویكردەوە، دەستیان کرد بە خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی ئەیلولی ئەمساڵ.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق بەپێی یاساای بودجە پارەی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم نەناردووە بۆ پێدانی مووچەی مانگی 7 و 8ی ئەمساڵ، بەڵام لە عێراق مووچەی مانگی 9 دابەش دەكرێت.