پارێزگاری هەولێر بە سەرۆکایەتی شاندێکی پارێزگا سەردانی شارى ناشڤیلی ئەمریکا دەكات بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنی دەستەخوشکیی.
دواى ئەوەى ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیل بە زۆرینەی دەنگ، شاری هەولێری وەك دەستەخوشك پەسند كرد، بە مەبەستی پەرەپێدانی پێوەندییەکان و واژووکردنی رێککەوتنى دەستەخوشکى نێوان هەولێر و ناشڤیل، ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێكی پارێزگای هەولێر بە سەرۆكایەتیی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەرەو شارى ناشڤیلی ئەمەریكا بەڕێکەوتن.
پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، شاندەکە لە سەردانەکەیاندا چەندین دیدار و چاوپێكەوتنیان دەبێت لەگەڵ كەسایەتی و گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە.
بەواژووکردنى ئەم ڕێککەوتنە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، دەبێتە دەیەمین دەستەخوشكی شاری ناشڤیل لە جیهان و یەكەمین شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند، بە دەستەخوشكبوونی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤیل، رۆڵێكی گەورە لە بەرەوپێشچوونی پێوەندییە كولتووری، شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، هونەری و وەرزش و سێكتەرەكانی تری نێوان هەردوولادا دەگێڕێت.
هەروەها دەڵێت: “دەستەخوشكبوونی هەولێر و ناشڤیل پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش دەباتە قۆناغێكی تر”.