کەرکووک دەیان ساڵە بووەتە شارێک کە سیاسییەکان لە خێر و بێرەکەی دەخۆن، شەڕ و ئاژاوەش بۆ دانیشتووانەکەی بەجێدەهێڵن، پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکووک مێژوویەکی درێژە بە ئاشتیی بەیەکەوە دەژین، بەڵام کراون بە قوربانی دەستی ئەو ناکۆکییانەی لەسەر سامانی خاکەکەی هەیە.
گرژی و ململانێکانی دوێنێ لە کەرکووک وەک بەشێک لە پاشهاتەکانی ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، کە پارتی داوای گەڕانەوە بۆ بارەگاکانی لە کەرکووک دەکات پاش جێهێشتنی لە ساڵی ٢٠١٧، عەرەبەکانی کەرکووکیش ناڕەزایەتیی نیشاندەدەن.
هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکان و ئەو کەسانەی لە ١٦ ئۆکتۆبەر بەرپرسیارن ئاشکرا نەکراوە، پارتى ئەم ڕوداوە وەک خیانەت پێناسە دەکات، یەکێتیش داواى لیژنەى لێکۆڵینەوە دەکات بۆ دەرخستنى ڕاستییەکان، بەڵام ڕاستییەکەی لەدەستدانی ٪٥١ خاکی کوردستان بوو.
ڕیفراندۆم و لەدەستدانی بەشێکی خاکی کوردستان
لە دوای شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و کشانەوەی هێزە عێراقییەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکە بە هاوکاری هاوپەیمانان توانیان ئەو ناوچانە بخەنە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان، لەو کاتەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانى سنورى مادەى ١٤٠ی بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
ئەنجامدانى ڕیفراندۆم ئەو هەلە بوو کە حکومەتى عێراق قۆزتییەوە بۆئەوەی ٪٥١ی خاکى کوردستان بخاتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتى عێراق، چونکە ئەو ڕیفراندۆمە نە لە ناوخۆ نە لەدەرەوە پشتیوانی نەبوو، چەندین جار وڵاتانی جیهان هۆشدارییان بە پارتی دا، ڕیفراندۆم ئەنجامنەدات چونکە ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی کورد نابێت، لە هەمان کاتدا تورکیا، ئێران و حکومەتی عێراقی هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان کرد کە ڕیفراندۆم نەکرێت، بەڵام بارزانى سوربوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
ئێران هەڕەشەی داخستنی سنوورەکانی دەکرد، عێراق هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەکرد، دواتر لەو چوارچێوەیەدا سوپای عێراق لەگەڵ هەریەکە لە سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای تورکیا، وەک پەیامێک بە دەسەڵاتدارانی هەرێم مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان لەسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدا.
لە ٢٥ ئەیلوول ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، چوار ڕۆژ دوای ئەوە بە بڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئهوكاتى عێراق، گەشتە ئاسمانییەکان بەڕوی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستاندا داخران، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانیش، گەمارۆی ئابووریان خستەسەر هەرێمی کوردستان و دەروازە سنورییەکانیان داخست.
لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تاوەکو ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوو، لە سنوورەکانی نێوان عێراق و باشوری کوردستانەوە جموجوڵی سەربازیی دەستیپێکردبوو، عێراق هێزێکی زۆری بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە کۆکردبووەوە و ناسەقامگیریی سەربازیی دروستببوو.
١٦ ئۆکتۆبەر
بەرەبەیانی ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە هاوکاری تورکیا و ئێران لە شاری کەرکووک و شارۆچکەکانی خورماتوو، داقوق و حەویجە هێرشیان کردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگە پاش شەڕکردن دواتر لەو ناوچانە کشانەوە، لەماوەیەکی کەمدا هێزە عێراقییەکان تەواوی ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد.
هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی کەرکووک پاشەکشەیان کرد و لە سنووری شارەدێی زنانە جێگیرببوون، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە نزیکەی ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی لە شاری کەرکووک و شارۆچکەکانی داقوق و خورماتوو دەوروبەریان ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەکان لە دژی هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی شەنگال، خانەقین، شارەدێی گوڵاڵە، دوبز لە کەرکووک، مەخمور لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنترۆڵکرا، کاتێک شارەدێی پردێ-یان کۆنترۆڵکرد و بەئاڕاستەی سەنتەری شاری هەولێر پێشڕەوییان دەکرد، لەنزیک بازگەی شێراوای هەولێر، کۆتاییان بەئۆپەراسیۆنەکەیان هێنا.
ئەم ڕوداوانە لە ئەنجامی یەکنەبوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوونە هۆکاری لەدەستدانی ٪٥١ خاکی باشووری کوردستان، هەروەها بووە هۆی لە دەستدانی تەواوی بیرە نەوتەکانی سنوری ناوچە دابڕێندراوەکان و خاڵە سنورییەکان، ئەمەش لە ڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە زیانێکی گەورەی بە هەرێمی کوردستان گەیاند.
لە دوای ئەو ڕووداوانە پارتی و یەکێتی بەردەوام هێرشدەکەنە سەریەکتر، پارتی یەکێتی بەفرۆشتنی کەرکووک و خانەقین و یەکێتیش پارتی بەفرۆشتنی مەخمور و شەنگال تۆمەتبار دەکات.
گرژییەکانی ئێستای کەرکوک
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو بارەگایانەی کە پارتی تێدابوو و دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ جێیان هێشتووە.
لە ٢٧ ئابەوە لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک عەرەبەکان خۆپێشاندان ئەنجامدەدەن و نایانەوێت ئەو شوێنانە رادەستی پارتی بکرێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا لە دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی گرژی لە کەرکوک دروستبوو، ئەوەش نیگەرانیی بەشێکی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و ترس لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لەنێوان عەرەب و کورد دا هەبوو.
لایەنگرانی پارتی لە کەرکوک، دژی داخستنی بارەگای ئەو حزبە و گرتنی ڕێگەکانی نێو شاری کەرکوک لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی، خۆپیشاندانیان کرد و لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕووبەڕوو بوونەوە، هەروەها ڕێگای “هەولێر- کەرکوک” لە بەردەم بارەگاکە داخرا.
بەرپەرسان و لایەنە سیاسییەکان لە دوێنێ وە، چەندین پەیامیان بڵاوکردەوە و هەوڵی سەقامگیرکردنەوەی دۆخەکەیان دا، بە پێی ئامارەکانی پۆلیسی کەرکوک ١٦ کەس برینداربوون و ژمارەی کوژراوانی کورد گەیشتە چوار کەس.
بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، چۆڵكردنی بارەگاكەی پارتی لە كەركوك دواخرا، خۆپیشاندەرانیش خێمەكانیان لابرد و پاشان رێگای كەركوك-هەولێر کرایەوە.
هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببنەوە، رەوشی کەرکوک و کۆتاییھێنان بە ئاڵۆزییەکان تاوتوێ بکەن.
بەرپرسانی کورد و عێراقی چی دەڵێن
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکیدا دەربارەی ڕەوشی کەرکووک داوایکرد: ” لە رێگەی گفتوگۆوە، ئاڵۆزییەکان تێبپەڕێندرێن و رێگە لە رشتنی خوێنی ھاووڵاتیان بگیرێت، ڕێگە بە تیرۆریستان نەدرێت دەرفەت بۆ تێکدانی رەوشی شارەکە بقۆزرێتەوە.”
محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وتی: ” بەداخەوە کێشە و ململانێکان لە شاری کەرکووک و ناوچەدابڕێندراوەکان گەیشتوەتە ئاستێک کە هیچ جێگای قبوڵ نییە، گەلی کورد لەسەر خاکی خۆی، شار و ماڵی خۆی لە شایی و شیوەندا سەردەبڕدرێت.”
بافڵ تاڵەبانی سهرۆكى یهكێتى، سهبارهت به دۆخى شارى كهركووك ڕایگەیاند: ” بەتوندی ئیدانەی هەموو هەوڵ و مەرامێکی تێکدەرانە بۆ تێکدانی برایەتی و پێکەوەژیان لە کەرکووک دەکەین، بە زووترین کات دەبێت تاوانبارانی شەهیدکردن و بریندارکردنی رۆڵەکانمان دەستگیربکرێن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.”
مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا وتی: ” داوا لەهاوڵاتییە کوردە ستەملێکراوەکانیشمان لەکەرکوک دەکەم، دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لەکاردانەوەی توند بەدوربگرن.”
مهسعود بارزانی سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان ڕایگەیاند: “ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانمان لەکەرکوک باجی قورسی دەبێت“.