دوای تێپەڕبوونی ڕۆژێك بەسەر گرژییەکانی کەرکوك کە گیانلەدەستدانی سێ گەنجی کوردی لێکەوتەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارێزگاکە لە سەرجەم پێکهاتەکان کۆدەبێتەوە.
دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەکێتی و نوێنەری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانتارانی کەرکوک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە لەگەڵ هەر 13 پەرلەمانتارەکەی پارێزگاکە بەڕێوەدەچێت کە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کەرکوك دەکەن.
ئەمەش دوای ئەو خۆپیشاندان و گرژییە دێت کە گیانلەدەستدانی سێ گەنجی کورد و برینداربوونی زیاتر لە 10 کەسی دیکە کۆتایی هات.
خۆپیشاندانەکە دژی گرتنی ڕێگەی کەرکوك-هەولێر ئەنجام درا کە نزیکەی هەفتەیەك بوو ژمارەیەك عەرەب و تورکمانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە رادەستکردنەوەی بارەگایەکی پارتی ڕێگەکەیان داخستبوو.
درەنگانی شەوی ڕابردوو بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و عەرەب و تورکمانەکانیش لە ڕێگەکە کشانەوە، بەوەش ئەمڕۆ یەکشەممە، قەدەغەکردنی هاتوچۆ کۆتایی هات و ڕێگەکەش کرایەوە.