بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە نزیکەی ٥٠٠ دۆنم پوش و پاوانی سروشتی شارەدێی بەرزنجە سوتا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی هاتووە، ئاگرێك لە سنوری گوندەکانی (بیوەك، زڵزڵە، چنارە )ی سەر بە شارەدێی بەرزنجە کەوتەوە و بووە هۆی سوتانی نزیکەی ( ٥٠٠ ) دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە دەرچوون بۆ شوێنی دیاریکراو و بە هاوکاری خەڵکی گوندەکان توانیان بە ماوەی هەشت کاتژمێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نادیارە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو بارەیەوە بەردەوامە.