دژی بڕیاری گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ، حەوت رۆژە بەشێکی عەرەبەکانی کەرکووک کە زۆرینەیان ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبین، چادری ناڕەزاییان هەڵداوە و رێگەی کەرکووک – هەولێریان داخستووە.
کەمێک بەر لەئێستاش بەشێک لە دانیشتووە کوردەکانی کەرکوک خۆپیشاندانیان کرد و داوای کردنەوەی ڕێگاکان دەکەن بۆ ئەوەی هاتووچۆ و کاری هاوڵاتیان بەردەوامبێت، و ئەمەش مەترسی تێکجوونی زیات و ئاڵۆزی زیاتری دۆخەکەی لیدەکرێت.
ئەم ئاڵۆزیانەی کەرکوک ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەردەوامە ، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە پارتی داوای کردووە سەرجەم ئەو بارەگا و خانووانەی ڕادەست بکرێتەوە، کەلەدوای 16 ئۆکتۆبەرەوە تێیدا نەمابوون و هەندێکیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە کراوەتە بنکە و بارەگا.
هەر لەسەر ئەو پرسە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا وتی، هەر بڕیارێک پەیوەندیی بە پارێزگای کەرکووکەوە هەبێت، بەبێ وەرگرتنی راوبۆچوونی نوێنەرانی پێکهاتەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری ئەمنی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی.
سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، “باشترین رێگەچارەی ئەم پرسە، یەکلاییکردنەوەیەتی لە رێگەی دادگاوە، ئەویش دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.
لە 27ی ئابی 2023ـەوە لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندانە و نایانەوێت ئەو شوێنانە رادەستی پارتی بکرێتەوە، کە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ئەو حیزبەی تێدابوون.