خۆپیشاندان و بایكۆتی دەوامی فەرمانگە و خوێندنگەكان دەستپێدەكاتەوە



 

مانگی ئەیلوولە و هێشتا مووچەی دوو مانگی فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم نەدراوە و فەرمانبەران و مامۆستایانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە زەنگی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان و بایكۆت لێدەدەن و ماڵپەڕێكی عەرەبی-ش بڵاویكردۆتەوە، “حكومەتی هەرێم ناچارە سازشبكات، بە تایبەت لەوەی پەیوەستە بە ئیدارەدانی سەرچاوە داراییەكان”.

سەرەڕای ڕێككەوتنی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا و پەسەند كردنی بودجە و بەشداری حزبە دەسەڵاتدارەكانەكانی هەرێم لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی سودانی، بەڵام هێشتا بودجەی تەواو بۆ هەرێم نەنێردراوە و هەریەكە لە هەولێر و بەغدا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە جێبەجێ‌ نەكردنی ڕێككەوتنەكان و یاسای بودجە، لەو نێوەندەشدا مووچەخۆرانی هەرێم بێ‌ مووچە ماونەتەوە.

بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، “ئەگەر مووچە دابەش نەکرێت، پێش وادەی کردنەوەی خوێندنگاکان، کە 13ی مانگە، ئەوا بایکۆتی دەوام دەستپێدەکات و دواتریش بایکۆتی فەرمانگەکان بەدوای خۆیدا ئەهێنێ و سنوورێکی فراوانیش دەگرێتەوە”.

لای خۆشیەوە، مامۆستا عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، دوو مانگ مووچە دواکەوتوە بە بەیاننامە ئاست نزمەکانیان خەڵکیان سەرقاڵ کردووە”.

ڕاشیگەیاندووە، پەروەردە زۆر خەمساردانە و بێباکانە مامەڵە لەگەڵ بێ مووچەیی و کێشەکانی مامۆستایاندا دەکات
بەشێوەیەک ڕەفتار دەکات و ڕێنمایی و بڕیار دەردەکات، کە مامۆستایان و پەروەردە هیچ کێشەیەکیان نەبێت

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژنامه‌ی (العرب) لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق تاكاتێكی نادیار ڕاگیراوە”.

ڕاشیگەیاندووە، بەشێک لە هێزە کوردییەکان لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی دڵنیاییدان سەبارەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان، هەروەها ئەو گفتوگۆ تەکنیکیانەی، کە ڕووده‌ده‌ن لە هەوڵێک زیاتر نییە بۆ ئەوەی دەرگاکە بە کراوەیی بهێڵێتەوە بۆ چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە ڕەنگە کاتێکی زۆر بخایه‌نێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی تێكشكاندنی بەربەستەكاندایە، بەڵام ناچارە سازش بكات، بە تایبەت لەوەی پەیوەستە بە ئیدارەدانی سەرچاوە داراییەكان.

له‌ ئێستادا هەرێمی کوردستان به‌ دۆخێکی ئابوری ناجێگیردا تێده‌په‌ڕێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر توانای حکومەت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی دروست کردوە.

هاوكات، فەرمانبەران و مامۆستایان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە و گرووپی فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی لە فەیسبووك زەنگی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان و بایكۆت لێدەدەن و مامۆستایەك نووسیویەتی، “مامۆستایانی بەڕێز خۆتان بۆ شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بایكۆت ئامادەبکەن”.

مامۆستایەكی دیكە نووسیویەتی، “ئەمساڵ بایکۆتی سنوری سلێمانی کاریگەری دەبێت، چونکە بەپێی یاسای بودجە ئەگەر پارێزگایەک ناڕازی بوو دەتوانێت ڕاستەوخۆ داوای بودجە لە بەغدا بکات، بۆیە لە ئێستاوە بەڵێ بۆ بایکۆت”.

هەروەها مامۆستایەكی دیكە دەڵێت: “حکومەتێک مووچ ەو پلە بەرزکردنەوە، زەوی، ئاو، کارەبا و سوتەمەنی، دابین نەکات و بۆدەبێت فەرمانبەرانی دەوام بکەن و باج بدەن؟!”.

لای خۆشیەوە مامۆستایەكی دیكە نووسیویەتی، “یەکێ لە باشترین بژاردەکان پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بایکۆت بکەین با ئەمساڵی خوێندن ببێتە قوربانی ژیانی داهاتوی خۆمان و منداڵەکانمان ئەم بڕیارە گرەنتی چارەسەری ڕیشەیی دەبێت”.

نەھلە ئەفەندی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاندووە، ناكرێت دوو مانگ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدرێت، لە دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە ئیتر ئەركی حكوومەتی عێراقە پابەندبێت بەجێبەجێكردنی یاساكە.

وتیشی، “حكومەتی هەرێم نەوتی رادەستكردووە و رێگەشی داوە وردبینی بكرێت لە داهاتە ناوخۆیەكان، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراقە پابەند نییە بەناردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەوەش دوای دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان وەزیری دارایی عێراق بانگھێشتی پەرلەمان دەکەین بۆ لێپرسینەوە”.

لە ماوەی ساڵانی رابردوو چەندین مووچەی فەرمانبەران بە تەواوەتی نەدراوە، چەندین مووچەش بە شێوازی لێبڕینی 21 و 18 لەسەدی دابەشكراوە ئەمە سەرەڕای راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران. ئێستاش كە لەسەرەتای مانگی ئەیلوولداین، بەڵام تائێستا مووچەی مانگی تەمموز دابەشنەكراوە.

لەبەر دواكەوتنی مووچە، لە سنووری ناوچەكانی سلێمانی و دەوروبەری بەشێك لەفەرمانگەكان بایكۆتیان كردووە و لە زۆربەی فەرمانگەكانیش رۆژانی دەوام بۆ دوو رۆژ و سێ رۆژ كەمكراوەتەوە. هاوكات كاتی دەوامیش چەند كاتژمێرێك زووتر تەواو دەبێت. ئەمەش كاریگەری كردووەتە سەر سیستی و رایی نەكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان.

کاتی خۆپیشاندانی فراوان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران دیاریکرا
پێت کاتی خۆپیشاندانی فراوان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران دیاریکرا
سەرکردەیەکی کورد ئێران و سوریا تۆمەتبار دەکات بەوشەڕەی لە ڕۆئاوا هەڵگیرساوە
دوات سەرکردەیەکی کورد ئێران و سوریا تۆمەتبار دەکات بەوشەڕەی لە ڕۆئاوا هەڵگیرساوە
پەیوەنیدر