هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ناکۆکی و ململانێکانی هەرێمی کوردستان کرد و وتی؛ ” داوایەکمان ئاڕاستەی پارتە سیاسییەکان کردووە، ئەوەی ئێمە نوسیومانە پەخشانێک نیە بمانەوێت خەڵات و دەستخۆشی لەسەر وەربگرین، ئامانجمان کۆبوونەوەش نیە، ئەمانەوێت پارتی و یەکێتی دەنگیان بەیەک بگات بۆ ئەوەی ببێت بە ئامڕزاێک بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خێرایی نەتوانێت کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەربکات، کێشەی گەورەتر دروست دەبێت”.
پارێزگاری سلێمانی باسی لە ڕۆڵی یەکگرتوویی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و وتی: ” هەڵبژاردنەکانمان لە پێشە، لە کاتێکدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بۆ یەکەمجارە هەڵبژاردن لە کەرکوک دێتەوە پێشەوە، ئەم فشارانەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بەشێکی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوەیە لە کەرکوک، بەڵام بێباکانە هەر پاررتێک بە لیستێک بەشداری کردووە، داوام لێکردوون کە پێویستە کورد بە فراکسیۆنێکی نیشتیمانی یەکبگرن بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار لەدەست نەدات، چونکە ئەگەر وانەبێت حکومەت لاواز دەبێت”.
ناوبراو، باسی لە ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتی کرد و وتی: “ململانێ نێودەوڵەتییەکان قورسبوون، ئەرمینیا و ئازەربایجان شەڕیانە، بەڵام یەکێتی و پارتی بەسەر ئەو دوو وڵاتە دابەشبوون، داوام لە یەپەژە کردووە لە سووریا خۆی لە شەڕی ناوخۆ بەدوور بگرێت بەڵام ئەویش خەریکە چارەنووسی وەک هەرێمی کوردستانی لێدێت”.