ئەمڕۆ ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٣ بەئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری حەمەی حەمە سەعید و و پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر و چەندین کەسیەتی دیکەی شارەکە و خاوەنی کتێبخانەکان و بەرێوەبەری کتێبخانەی گشتی سلێمانی فیستیڤاڵی هەفتەی چالاکی کتێبخانەکان لە سلێمانی دەستی پێکرد و بڕیارە شەش ڕۆژ بخایەنێت و هەتا ٧ی ئەیلول بەردەوامی دەبێت.
لە وتارێکدا هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبوانی کرد و گرنگی فیستیڤاڵەکەی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند بۆیەکەمجار توانیویانە پاکێجێکی ٣٠٠ کتێبی بە وڵاتانی دەرەوە بدەن کە لەنێویاندا واشنتۆن و بەرلین و لەندەن و مۆسکۆ و چەندین شاری گەورەی دیکەی جیهان بوونیان هەیە کە پەیوەندی و کاری هاوبەشمان پێکەوە هەیە.
لە بەشێکی دیکەی فیستیڤاڵەکەدا، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و تێدا پیرۆزبایی لە ئەدیبان و نوسەران و خوێنەران کرد و کردنەوەی فیستیڤاڵەکەی بە گرنگ وەسفکرد، چونکە خزمەت بە جوڵانەوەی هونەر و ڕۆشنبیری کوردی دەکات.
وتیشی، وەزارەتەکەیان بەشداری چەندین پێشانگای کتێبی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کردووە و گرنگی بە خوێندنەوە و هوشیارکردنەوەداوە و سێ پڕۆژەی هەبووە کە یەکێکیان پێدانی ژمارەی سپاردن بووە و هەڵەبجە و گەرمیانیش ژمارەی سپاردنیان پێدرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی چاپخانە و کارمەند ڕەتیان کردووەتەوە.
باسی لەوەکرد، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پرۆژەی چاپکردنی کتێبە کوردییەکانیان هەبووە و توانیویانە وەریبگێڕنە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان وەک عەرەبی، فارسی، ئینگیزی، ئەڵمانی و فارسی و بڵاویان بکەنەوە.
وەزیری ڕۆشنبیری ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای کەمی داهاتەکانیان، بەڵام زۆرترین بڕی پارە بەمەبەستی چاپکردنی کتێبی نوسەران تەرخانکراوە.