بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ داهاتی مانگی ڕابردوو بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی عێراق بەبەهی هەشت ملیار و ٨٤٦ ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتی عێراق لە مانگی ئابی ڕابردوودا ١٠٦ ملیۆن و ١٢٢ هەزار و ٨٧٤ بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە کە ڕۆژانە ٣ ملیۆن و ٤٢٣ هەزار بەرمیل بووە و هەربەرمیلێک بە ٨٣ دۆلار و ٣٥ سەنت فرۆشراوە.
عاصم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، “داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەچوارچێوەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ڕوون و شەفافەوە سەرچاوەی گرتووە کە وەزارەتەکە پەیڕەوییان لێدەکات”.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهندا لەکاتێکدایە، نرخی هەربەرمیلێک نەوت لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا بە ٧٠ دۆلار دیاریکراوە و لە ئێستادا بەگوێرەی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە ٨٣ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
چەسپاندنی نرخی نەوت لە بودجە و جیاوازی نرخەکەی لە بازاڕی نەوتدا لە ئێستادا زیاتر لە ١٣ دۆلارە، بەڵام حکومەتی عێراق ئەم بڕە پارەیە ناخاتە سەر داهاتی هەرێم و هەر بە ٧٠ دۆلار بۆی هەژمار دەکات ئەمەش بەڕوونی دەریدەخات حکومەتی ناوەند لەڕێگەی سیاسەتی نەوت و داهاتەکانەوە هەوڵی لاوازکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات.