لە شاری ئاڵێن لە ویلایەتی تێكساسی ئەمریكا، تەرمی 4 كەسی خێزانێكی كورد لەنێو ماڵەكەیان دۆزراوەتەوە و گومان دەكرێت سەرۆكی خێزانەكە هاوژین و منداڵەكانی كوشتبێت و دواتر خۆشی كوشتبێت.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەتید پرێس)، ڕۆژی دوو شەممە پۆلیسی شاری ئالن لە باکووری ویلایەتی تێکساس چوار کەسی کوژراوی دۆزیەوە، کە لێکۆڵەران دەڵێن (کوشتن-خۆکوژییەکی) ڕواڵەتییە.
هەر بەپێی هەواڵەكە، ئەو خێزانە كوردە سێ هەفتە بەر لە ئێستا كچێكی چوار ساڵیان لە مەلەوانگەیەك خنكاوە، پۆلیسی شاری ئاڵێن دەڵێت: “باوەڕیان وایە ئەوە هۆكارێكی ئەو ڕووداوە بێت”.
خێزانە چواركەسییەكە پێكهاتوون لە (فەرمان شێروانی- باوك) و (لەیلا شێروانی- دایك) و (مەتین شێروانیی تەمەن دوو ساڵ) و (شاهین شێروانیی تەمەن 12 ساڵ).
پۆلیسی شارەكە دەڵێت: “ئەندامێكی خێزانەكە كاتێك گەڕاوەتەوە ماڵەوە بینیویەتی هەموو دەرگەكان داخراون و نەیتوانیوە بیانكاتەوە، بۆیە پەیوەندی بە پۆلیسەوە كردووە. پۆلیسیش دوای دوو كاژێر توانیویەتی بچێتە نێو ماڵەكەوە”.
شاری ئاڵێن بە دووریی نزیكەی 25 میل دەكەوێتە باكووری شاری داڵاسەوە و ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 111 هەزار كەسە.