فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە کە شاندی هەرێم بەسەرۆکایەتی ئاوات شیخ جەناب بەرەو بەغدا بەرێکەوت.
شاندی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغداد بەڕێکەوت. نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ( ٢٠٢٣/٨/٣٠ ) شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری بەمەبەستی بەدواداچون بۆ مووچەی مانگی تەمووز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق بەرەو شاری بەغداد بەڕێکەوتن.
پێشتر میدیای یەکێتی هۆکاری دابەشنەکردنی مووچەی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە ئەو 598 ملیار دینارە وەربگرێت کە بەغدا دەیەوێت وەکو قەرز بینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی کێشە داراییەکان یەکلادەبنەوە.
بەڵام دوێنێ وەزارەتی دارایی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیکردەوە کە پێشنیازێکی لەو جۆرە لە ئارادا بێت و ڕایگەیاند، بەهیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەوە لەبونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا ڕەتکرابێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە “وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بەجێبەجێکردنی سەرجەم مادەو بڕگەکانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەکەینەوەو هیوادارین حکومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات”.