ناکۆکییەکان سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچە بەردەوامن و جارێکی دیکە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێكردنی پرسی مووچە و پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەدا سەردانی بەغدا بکات.
بڕیار بوو سەردانەکە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو کات دواخرا.
سەردانەکە لە کاتێکدایە تا ئێستا حکومەت بە هۆی ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ بەغدا نەیتوانیوە مووچەی مانگی حەوت و هەشت دابەش بکات.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند کە “کوردستان پارەی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی نییە، چونکە هەناردەکردنی نەوت ڕاگیراوە، ئێمەش بە تەواوی پشت بەو پارەیە دەبەستین، کە بەغدا بڕیارە بینێرێت”.
پێشتر میدیای یەکێتی هۆکاری دابەشنەکردنی مووچەی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە ئەو 598 ملیار دینارە وەربگرێت کە بەغدا دەیەوێت وەکو قەرز بینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی کێشە داراییەکان یەکلادەبنەوە.
بەڵام دوێنێ وەزارەتی دارایی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیکردەوە کە پێشنیازێکی لەو جۆرە لە ئارادا بێت و ڕایگەیاند، بەهیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەوە لەبونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا ڕەتکرابێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە “وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بەجێبەجێکردنی سەرجەم مادەو بڕگەکانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەکەینەوەو هیوادارین حکومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات”.
وەزارەتی دارایی هەرێم جەختیشیکردەوە کە “هەرکات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دراو خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، بەشێوەیەکی فەڕمی ڕایدەگەیەنین وەک چۆن پێشتر ڕامانگەیاندووە”.