بڕیار وایە سبەینێ چوار شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی مووچە و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ پرسی بودجە کۆببێتەوە.
کۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیران، لەبارەی پرسی مووچەوە لەکاتێکدایە، وا مانگی هەشت کۆتایی دێت و حکومەت هێشتا مووچەی مانگی حەوت-ی دابەش نەکردووە،
نەناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە، هۆکارێکی سەرەکی دواخستنی دابەشکردنی مووچەیە، لەماوەکانی ڕابردوودا باس لەناردنی پشکی هەرێم و دابەشکردنی دوو مووچە دەکرا، بەڵام نە پشکی هەرێم لە فڕۆکەکەی بەغداوە دابەزی و نە مووچەی مانگی حەوت دابەشکرا.
هۆکاری نەناردنی پشکی هەرێم تائێستا بەروونی دیار نییە، حکومەتی عێراق هەرێم تۆمەتبار دەکات بە پەیوەست نەبوون بە ڕێککەوتنەکان و یاسای بودجەوە، حکومەتی هەرێمیش بەغدا بە بیانووگر ناودەبات.
لەم نێوەندەشدا، مووچەخۆران نە پارەی کڕینی تکتی چوون بۆ بەغدایان پێیە تا لەوێ ناڕەزایەتی دەرببڕن، نە دەشتوانن لێرەوە دەنگی ناڕەزایەتییان بگەیەننە بەغدا.