وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم هەموو مەرج و داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ كردووە و دەشڵێت: “ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، بەغدا خۆی لە ناردنی پشكی بودجە بۆ هەرێم بەدوور دەگرێت”.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم بە ئاژانسی (بغداد الیوم)ی عێراقی ڕاگەیاندووە، “نازانین چی هۆکارێكە، کە ڕێگری لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات لە ناردنی بەشە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان، سەرەڕای پەسەندکردنی بودجە و بوون بە یاسایەکی جێبەجێکراو”.
سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە “کوردستان پارەی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی نییە، چونکە هەناردەکردنی نەوت ڕاگیراوە، ئێمەش بە تەواوی پشت بەو پارەیە دەبەستین، کە بەغدا بڕیارە بینێرێت، بەو پێیەی مافی هاووڵاتیانی کوردە، وەک فەرمانبەرانی دیکەی پارێزگاکانی عێراق”.
هەرچەندە مانگی ئاب (8) بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام تا ئێستا فەرمانبەرانی کوردستان مووچەی مانگی 7 و 8یان وەرنەگرتووە، هاوکات مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم هەڕەشەی مانگرتن و خۆپیشاندان دەكەن.
لای خۆشیەوە، فەوزی هەریری، بەرپرسی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نەناردنی پارەی دارایی بۆ هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بە “نایاسایی و نادادپەروەرانە” وەسف دەكات.
هەریری لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەر ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان بگرێتەبەر و سەرۆکایەتی هەرێم پشتیوانی حکومەت دەکات لەو چوارچێوەیەدا.