ڕاگرتنی تۆمەتبار لە کاتی لێکۆڵینەوە، ڕوانگەیەکی یاسایی!



ئەردەڵان فاتیح- پارێزەر

ڕاگرتن چیە؟

بڕیاری دادوەرە بۆ وەرگرتنەوەی ئازادی کەسێک لەبەر پێداویستی لێکۆڵینەوە و سەلامەتیەکەی، بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری، ڕازیکردنی ڕایگشتی، پاراستنی تۆمەتبار و دروستنەکردنی کاریگەری لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوە.

لەبەر هەستیاری ئەم بابەتە(ڕاگرتن) کە پەیوەندی بە ئازادی مرۆڤەوە هەیە زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا ئەکرێت، مەرج نیە بۆ هەموو بابەتێک دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری ڕاگرتن بدات، بۆیە دەبێت فەرمانی ڕاگرتن بە فەرمانی دادوەربێت و لە شوێنێکی تایبەت بە ڕاگیراوان بێت، بە واتایەکی تر کەسی مافی ئەوەی نییە فەرمانی ڕاگرتن بدات و کەسیش بۆی نییە شوێنی ڕاگرتنی تایبەت بە خۆی هەبێت.

پاش ئەوەی کەسێک تۆمەتبار ئەکرێ بە تاوانێک و وتەی لێ وەردەگیرێت، دەبێت چارەنوسی یەکلایی بکرێتەوە، ئایا ڕادەگیرێت و دەبرێت بۆ شوێنی تایبەت بە ڕاگیراوان، یان بە بارمتە ئازاد دەکرێت.

ئەگەر کەسێک تۆمەتبارکرا بە تاوانێک لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دەبرێت بۆ شوێنی تایبەت بە ڕاگیراوان، بەڵام ئەگەر پاش تەواوبونی لێکۆڵینەوە نێردرا بۆ دادگای کەتن یان تاوانەکان و حوکم دەرچوو دەربارەیان ئەوا دەبرێن بۆ زیندان(شوێنی سزادراوان) (خانەی چاکسازی).

یاسای بنەماکانی دادگایکردنی سزایی ژمارە (23) ی ساڵی (1971) لە مادەکانی (109) تا (120) تایبەت کردووە بەو بوارە بە شێوەیەک، ئەگەر تاوان لە جۆری سەرپێچی (مخالفە) بوو ئەگەر شوێنی نیشتەجێبونی دیار نەبێت، ئەگینا نابێت ڕابگیرێت.

ئەو کەسەی تۆمەتبارکراوە بە تاوانێک کە سزاکەی لە سێ ساڵ زیاتر بوو تاکو زیندانیکردنی هەتاهەتایی، دادوەر بۆی هەیە بڕیاربدات بە ڕاگرتنی یاخود ئازادکردنی بە بارمتە لەگەڵ لێوەرگرتنی بەڵێننامەیەک، یاخود تەنها بەڵێننامە لێوەرگرتن بەسە ئەگەر زیان بە ڕەوتی لێکۆڵینەوە نەگەیەنێت.

بەڵام ئەگەر تۆمەتبار ئەو ماددە یاساییەی کە پێی تۆمەتبارکرابوو سزاکەی له سێدارەدانبوو بە هیچ شێوەیەک ئازاد ناکرێت، تا دادگا بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات لەو بارەیەوە.

لە کاتی ڕاگرتنی تۆمەتبار پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکرێت:

یەکەم، پاراستنی مافەکانی ڕاگیراو لە پەیوەندی بە پارێزەرەکەی یان کەسوکاری.

دووەم، ڕاگرتن و ماوەی ڕاگرتن و درێژکردنەوەی بە فەرمانی دادوەر ئەبێت.

سێهەم، ڕاگیراو دەبێت لە شوێنی ڕاگیراوان دابنرێت.

چوارەم، مەبەست لە ڕاگرتن لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی بەڵگەکانی تاوانە و مەبەست ڕێگرییە لە هەڵاتنی تۆمەتبار نەک ئازاردان و سزادان.

پێنجەم، دەبێت ڕەچاوی لایەنی تەندروستی و بیروباوەڕی ڕاگیراو  بکرێت.

ئەو تاوانانەی کە پێویستە تۆمەتبار ڕابگیرێت: تاوانی سزاکەی لە سێدارەدان بێت، یان شوێنی تۆمەتبار نادیار بێت، بازرگانی مادەی هۆشبەر، تاوانی تیرۆر، تاوانی بردنی ماڵی دەوڵەت(اختلاس)، هەر تاوانێکی تر کە دادوەر پێی وابێت کە ئازادکردنی زیان بە ڕەوتی لێکۆڵینەوە دەگەیەنێت و نابێت ئازادبکرێت بە بارمتە.

ماوەی ڕاگرتن

ماوەی ڕاگرتنی تۆمەتبار لە یەک ڕۆژ تا پانزە ڕۆژە و دەتوانرێت تا شەش مانگ درێژ بکرێتەوە(بە ڕەزامەندی دادگای تاوانەکان)، بەڵام لە هەموو دۆخێکدا نابێت ڕاگرتنی تۆمەتبار لە یەک لەسەر چواری ئەو سزا بنەڕەتیە زیاتر بێت کە بۆ تاوانەکە دانراوە و نابێت لە یەک لەسەر چوار تێپەڕبکات.

بۆیە ڕاگرتن یان ئازادکردن بە بارمتە دەکەوێتە سەر ڕای کەسی دادوەر بە گوێرەی دۆخی تاوانەکە، ئەگەر شیاوی ئازادکردن بوو بە بارمتەی کەسی یان ماددی و بەڵێننامە ئازادی دەکات تا ڕۆژی دادگایکردن، هەرکات لێکۆڵینەوە پێویستی کرد دادوەر بۆی هەیە دووبارە فەرمانی ڕاگرتن بداتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بار و ماوەکانی ڕاگرتن.

لە کۆتایدا پێویستە بزانین

یەکەم، ئازادبون بە بارمتە بە مانای تەواو داخرانی دۆسیەکە نایەت، بەڵکو دۆسیەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، ئەگەر بەڵگەی پێویست هەبوو ڕەوانەی دادگای کەتن یان تاوانەکان دەکرێت و تۆمەتبار سزا دەدرێت و سیفەی کەسەکە لە تۆمەتبارەوە دەگۆڕێت بۆ تاوانبار.

دووەم، کەسێک بە بێتاوان ڕاگیراوە بە پێی یاسای ژمارە (15) ی ساڵی (2010) (یاسای قەرەبوکردنەوەی ڕاگیراوان و حوکمدراوان لە کاتی بێ تاوانی و دەرچونیان لە هەرێمی کوردستان) مافی ئەوەی هەیە داوای قەرەبوو بکات .

ئەو زانایانەی بەهۆی داهێنانەکانیانەوە مردن
پێت ئەو زانایانەی بەهۆی داهێنانەکانیانەوە مردن
دوات یەکەمەکانی زانکۆ خۆپیشاندان دەکەن
پەیوەنیدر