عەبدولواحید محەمەد
بەرلەوەی تیشك بخەینە سەر دوا بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لەمەڕ پشوی شەممە، بەپێویستی دەزانم چەند ڕاستیەك هەیە بیان خەمەڕوو لەوانە:
یەکەم، ئەو پڕۆگرامانەی لە هەرێمی كوردستان دەخوێندرێت لە چەندین وڵاتی تریش هەن و كاریان پێدەكرێت، ماوەی پێویست بۆ پێڕاگەیشتن بە ناوەڕۆكەكەی بەهەردوو دیوی پراكتیكی و تیۆری نابێت لە 200 ڕۆژی كە دەكاتە 900 كاتژمێری خوێندن كەمتر بێت.
دووەم، لەوەتەی ئەو پڕۆگرامانە دەخوێندرێن هیچ ساڵێك ماوەی پێویست نەڕەخسێنراوە، بەهۆی زۆری پشوەكان و كەمی كاتژمێرەكانی ڕۆژانە.
سێیەم، لە كۆی ناوەندەكانی خوێندن ڕێژەی 30% دوو دەوامی و سێ دەوامیە ، ئەمەش بە سروشت وا دەكات كاتژمێرەكانی خوێندن ڕۆژانە كەمببێتەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر كۆی كاتژمێرەكانی ساڵانەی خوێندن و پێدراوەكان و پڕۆگرامەكان و مامۆستایان دەبێت .
ئەمانە هەموی كۆبكەینەوە ئەوەمان پێدەڵێت، بەو بارودۆخەی هەبووە بەردەوام ساڵەكانی خوێندن وەكو ئەوەی پێویستە بەڕێوە نەچووە، نە مامۆستا بەتەواوی پێڕاگەیشتووە، نە قوتابیان و خوێندكارانیش لە هەموو بڕگە و بابەتەكان بەهرەمەند بوون، لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیە بەردەوام پەنا بۆ پەلەكردن و بڕینی هەندێك بابەت بردراوە، یان فەرامۆشكردنی لایەنی پراكتیكی كە خۆیدا لە خۆیدا بنەمایەكی بنەڕەتی پێڕاگەیشتنی و چەسپاندنی زانیاریەكانە لەهزر و بیری قوتابیان و خوێندكاران.
ئەوەی ڕاستی بێت سەرباری ئەو داكەوتە (واقیعە)ی پەروەردە و فێركردن، بەردەوام بەشێك لە مامۆستایان داوای ئەوەیان كردووە كە وا شەممەكان هاوشێوەی عێراق و زۆربەی وڵاتان بكرێتە پشوو، كەمیش گوێ بیستی ئەوەبووین ئەو پشووە لەسەر حسابی كەمكردنەوەی ماوە و كاتژمێرەكانی خوێندن بێت.
بەردەوام ڕاوبۆچونی هاوتەریب لەگەڵ ئەو شێوە داواكارییە هەبووە و جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، نابێت چیتر بڕیاری خێرا بدرێت، بەڵكو دەبێت بە لێبووردبوونەوەی تەواو و ئەگەر و پێویستییەكانی چارەسەرێكی زانستیانە فۆرمەڵە بكرێت ئینجا بدرێت، بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر ساڵی خوێندن نەبێت، لەبەر ئەوەی بە سروشت هەڵگرتنی ڕۆژی شەممە لە خشتەی وانەكان كۆمەڵێك لێكەوتەی دەبێت لەوانە :
یەکەم، كەمبوونەوە بەلای كەم (24) ڕۆژ لەساڵی خوێندن، كە دەكاتە نزیكەی (100)كاتژمێر.
دووەم، كۆمەڵێك بابەت هەیە هەفتانە (6) وانە دەخوێندرێت لە پێنج ڕۆژدا چۆن شوێنی وانەی شەشەم دەكرێتەوە .
سێیەم، زیاتر لە (1800) قوتابخانەی دوو دەوام و نزیكەی (150) قوتابخانە سێ دەوامی هەیە، بۆ ئەو ماوەی ڕۆژانە لەبەر دەستە چۆن جێی وانەكان دەكرێتەوە
چوارەم، لە مانگەكانی تشرینی دووەم، كانونی یەكەم، دووەم، شوبات و تەنانەت ئاداریش، كاتژمێر پێنج نەختێك سەروتری ڕۆژئاوا دەبێت، چۆن جێگەی ئەو وانانە دەكرێتەوە كە بە بەر ئەو كاتە دەكەوێت؟ بەتایبەت بۆ كچان، ئەمە و سێ دەوامیش هەر لەوێ بوەستێت .
پێنجەم، كاتێك دەوام درێژ دەكرێتەوە، دەبێت بۆ نیوەڕۆ ژەمێك هەبێت بۆ خوێندكاران و قوتابیان، تەنانەت مامۆستایانیش، چونكە بێ وزەی پێویست توانای بیركردنەوە و وەرگرتنی زانیاری سنوردار دەبێت.
شەشەم، دڵنیام كۆتا وانەكانی ڕۆژ ئەو وانانە دەبێت كە قوتابیان و خوێندكاران چێژی لێ دەبینن وەكو وەرزش، موزیك، هونەر، لەو حاڵەتەش بە زۆری فەرامۆش دەكرێن كە بێگومان كاریگەری زۆریان دەبێت لەسەر هەست و نەست و تەشویقكردنیان.
ئەمانە هەمویان واقعین، مەحاڵە بتوانرێت وا بەئاسانی چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی زەمینەكە تەخت بێت لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، مەگەر پەنا بۆ كۆمەڵێك هەنگاو هەڵبهێنرێت كە دڵنیام بێ خەوش و كاریگەری نەرێنی نابێت، لەباشترین ئەو بژاردە و هەنگاوانە :
یەکەم، كەمكردنەوەی پشوەكان بەتایبەت پشوی بەهارە، بەڵام هەموی بخەیەوە سەر یەكتر نزیكەی 10 رۆژ لەوێ بەدەست دێت كە زۆریش زەحمەتە چونكە لەو ماوەیەش ناوبڕە هەیە كە بێگومان پێش بڕ و پاش بڕەی لێدەكەوێتەوە .
دووەم، پێشخستن یان درێژكردنەوەی ساڵی خوێندن، بەڕاستی ئەوەش كێشەی هەیە بەتایبەت بۆ وڵاتی ئێمە كە زۆر گەرمە و ئەستەمە بكرێت .
سێیەم، كورتكردنەوە ماوەی وانەكان لە (40)ەوە بۆ (35) دەقیقە بەلای منەوە ئەوە زۆر خراپە چونكە لەبنەڕەتدا بە سروشت كە جێگەی داخە لە لای ئێمە پابەندبوون بەكات نرخ و بەهای خۆی نیە، ئەكید بەشێك لەو كاتە بەهەدەر دەدرێت، دواجار قوتابیان و خوێندكاران زەرەری گەورەی لێدەكەن .
چوارەم، كەمكردنەوەی بەشە وانەكان، واتە كەمكردنەوە كاتژمێرەكانی خوێندن،لەپێشدا ئاماژەمان پێدا لەبارودۆخی ئاسایی كە شەممەكانیش دەوام بووە، هەرگیز ساڵەكانی خوێندن بەتەواوی پێدراوی خۆی بەڕێوە نەچوە، بۆ نمونە ساڵێ خوێندنی (2022-2023) كە دەتوانم بڵێم لەچاو ساڵانی پێشو نمونەیی بووە، ئینجا (173)رۆژ دەوام كراوە كە دەكاتە (692) كاتژمێر، ئەگەر بەراوردی كەی لەگەڵ ساڵی خوێندنی تەواو زۆری كەمترە ، بۆیە كەمكردنەوەی بەشە وانە هێلی سورە و زیانی گەورە دەگەێنیێ .
بە بۆچونی خۆم و لەبەشێكی زۆری مامۆستایانیشم بیستوە، خەمی گەورەی مامۆستایان پشوی شەممەكان نیە، بەڵكو چەند بابەتێكی بنەڕەتی هەیە ئەگەر جێبەجێ بكرێن، هەموو شتێك دەكەوێتە سەر شاڕێگەی خۆی، ئەوەی دەویسترێت بەڕێوە دەچێت و ئامانجەكانیش بەرجەستە دەبێت، لەوانە:
یەکەم، موچەكان لەكاتی خۆیدا بدرێت، چیتر هەموو مانگان دەستی دەستیان پێنەكرێت .
دووەم، پلە بەرزكردنەوە دەست پێ بكاتەوە، چیتر مانگانە لە (60) هەتا (100) هەزار دینار پاشەكەوتی شاراوە نەكرێت
سێیەم، بایەخێكی زۆر بە پەرەپێدانی بەردەوامی مامۆستایان بدرێت بە مامۆستایانی وانەبێژیشەوە .
چوارەم، بەیاسایەك كەسایەتی مامۆستا بپارێزرێت و شكۆ و گەورەیی بەرجەستە بكرێت .
پێنجەم، كێشەی مامۆستایانی وانەبێژیش چارەسەر بكرێت.
ئەمانە دەبێتە پاڵنەر بۆ ڕشتكردنی زیاتری مامۆستا لەسەر ئەداكردنی ئەركەكانی هەر وەك كردوویەتی و كەمتەرخەم نەبووە، لەدەرەوەی ئەو بنەما بوونیادیانە و پێدراوە یاساییەكانیان یان هەر هەنگاوێكیتر تێرایی خواستەكانیان ناكات بە بڕیاری پشوی شەممەكانیشەوە .