نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق چووە نەجەف و مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق پێی وتووە، “دادپەروەری و دڵنیایی بۆ تەواوی كۆمەڵگەی عێراقی دەستەبەر بكرێت”.
ئەمڕۆ چوار شەممە، جنین بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و میگیل ئەنخیل مۆراتینۆس، بریكاری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان چوونە نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان كۆبوونەتەوە.
نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەكان دەربارەی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، كە سیستانی بە بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكانی وتووە، “پێویستە هەوڵەكان یەكبخرێن بۆ ڕەتكردنەوەی توندوتیژی و ڕقلێبوونەوە و بەدیهێنانی دادپەروەری”.
وتووشیەتی، “پێویستە كەلتووری پێكەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوكردنی بەهاكانی یەكترقبوڵكردن بەدی بهێنرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی مافەكان و ڕێزگرتنی هاوبەش لە نێوان پەیڕەوكارانی ئایینە جیاوازەكان و ئاڕاستە هزرییەكان”.
سیستانی وتوشیەتی، “دادپەروەری و دڵنیایی بۆ تەواوی كۆمەڵگەی عێراقی دەستەبەر بكرێت بە جۆرێك لەگەڵ شكۆی مرۆڤدا یەكبگرێتەوە”.