بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاكرێ ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو ژن لە ڕووباری خازر خنکاون، تیمەکانیان توانیویانە تەرمەکان دەربهێننەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوووە، كاتژمێر 06:30 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی لەسەر رووبارەكە و لە نزیك گوندی خەلیلكان-ی سەر ناحیەی گردەسێن ئامادەبوون، پاش ئەوەی ئاگادارکرانەوە کە دوو ژن لە ڕووبارەکە خنکاون.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی یەكێك لەو ژنانە سەرئاوكەوت، تەرمی دووەمیش لەلایەن تیمەكانیانەوە دەرهێندراوە.
بەرگریی شارستانیی ئاكرێ تەمەن و ناسنامەی قوربانییەکانی بڵاوکردەوە، ئەو دوو ژنەی لە ڕووبارەکە خنکاون ناویان “حەنان رەمەزان عەبدۆ” تەمەن 23 ساڵ و “خەڵات شەعبان خەلیل” تەمەن 20 ساڵە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا تەرمەكانیان ئێستا رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە.