هاوڵاتییان دەتوانن بۆ ماوەى یەک ساڵ بە ئوتۆمبێلى تایبەتى خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتومبێلێک هاتووچۆ و گەشت بکەن بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران
دوا بە دواى لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنامەکانی دوو ساڵی ڕابردووی نێوان پارێزگارى هەولێر و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ)، کە پیشکەوتن و بەرەپێشچوونێکى بەرچاووى لە جێبەجێکردنى خاڵەکانى بەخۆیەوە بینیوە لە زیادکردنى جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری و ئاسانکارى بۆ هاتووچۆى هاوڵاتیان و گەشتیارانى هەردوولا لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتى حاجی ئۆمەران – تەمەرچین و زۆربەى خاڵەکانى هەردوو ڕێککەوتنامە جێبەجێکراوە،
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.8.23ى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و نەسڕوڵڵا ڕەشنوودى، سەرکونسڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکەدا خاڵێکى دیکەى ئەو ڕێکەوتنامانەیە کە خواست و داواکارى پارێزگاى هەولێر بووە، لە پێناوى خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و پێشکەشکردنى کار ئاسانى بۆ گەشتکردن و هاتووچۆیان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بە ئۆتۆمبێلى تایبەتى خۆیان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
هەردوولا لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا ڕێککەوتن، هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى وەرگرتنى کارتێکى تایبەت “دەفتەرچە” کە یەکجار مامەڵەى وەرگرتنى دەکرێت و بە نرخێکى کەمى دیاریکراو ئەو کارتە وەردەگرن، دەتوانن بۆ ماوەى یەک ساڵ بە ئۆتومبێلى تایبەت بە خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتومبێلێکى دیکە هاتووچۆ و گەشت بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بکەن.
لە ئێستادا میکانزمى سەرجەم ئەو ڕێکار و ڕێوشوێنانەی تایبەتن بەو پرسە دانراوە و یەکلایی کراوەتەوە، لە ماوەیەکى نزیکى داهاتووشدا بەپێى ڕێکار و ڕێنماییە بەرکارەکانی هەردوو وڵات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.